"لە دھۆک ئەو پێشمەرگانەی فەرمانی پێشوویان ھەیە زەوییان بەسەردا بەش دەکرێت"

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک -KDP.info-  لە پارێزگای دھۆک ٢٣ ھەزار کەس فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە و چەندین ساڵە بەھۆی نەبوونی زەویی ئامادەوە سوودمەند نەبوونە، بەرپرسێکی شارەوانییەکانی دھۆکیش ئاشکرای کرد، ئەوان قەرزداری ئەو ھاووڵاتییانەن کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە و ئەوانەیشی پێشمەرگەن، شوێنیان بۆ دیاری کراوە و تەنیا کێشەی کوژاندنەوەی تێدا ماوە.

نوبەدار سامی، بەڕێوەبەری یاساییی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی دھۆک دەڵێت: "تا ئەو ڕۆژەی بڕیاری ڕاگرتنی دابەشکردنی زەوی لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرکرا، لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٣ ھەزار فەرمانی دابەشکردنی زەویمان ھەبوو، بەداخەوە بەھۆی نەبوونی زەویی ئامادەوە نەمانتوانی بڕیارەکە جێبەجێ بکەین و فەرمانبەران و کرێنشینان سوودمەند بن لە وەرگرتنی پارچەزەویی نیشتەجێبوون."

بەرپرسەکەی شارەوانییەکانی دھۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "لەو ژمارەیە ناوی ٨٠٠ پێشمەرگەی تێدایە، واتە ئەو پێشمەرگە قارەمانانە فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانیان ھەیە و ئەرکی حکوومەتە زەوییان بۆ دابین بکات، لەبەر ئەوەش، ئێمە لە شارەوانیەکانی دھۆک شوێنێکمان دیاری کردووە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پێشمەرگانە تاپۆ بکرێت و فەرمانی وەرگرتنی زەوی جێبەجێ بکرێت."

لەبارەی ئەوانەی دەمێننەوە، نوبەدار سامی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێمە لە سنووری ھەموو شارەوانییەکانی دھۆک کێشەی زەویی ئامادەکراومان ھەیە، واتە زەوی نەماوە بۆ دابەشکردن، ئەو زەوییانەی ماون موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵن و پێویستی بەوەیە بکوژێنەوە و بکرێنە نیشتەجێبوون، ئینجا کار بۆ دابەشکردنیان بکرێت، بەڵام بە ھەرشێوەیەک بێت، مافی ئەوانەی فەرمانی وەرگرتنی زەوییان ھەیە نافەوتێت و حکوومەت قەرزداری ئەوانە تا زەوییان بۆ دابین دەکات."

قائید میرۆ