دوای جه‌ژن هه‌رێم و به‌غدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی نیشان دا له‌سه‌ر نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئابووری و وەبه‌رهێنان له ‌په‌رله‌مانی عێراق گوتی، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ و لیكنزیكبوونه‌وه‌ی باش له ‌نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌ و دوای جه‌ژن ده‌ست به‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و له ‌ماوه‌ی  30 ڕۆژدا ده‌گه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و، بۆ ناردنی 400 ملیار دیناریش له ‌به‌غداوە بۆ هه‌رێم ته‌نها ڕێكاری ته‌كنیكی ماوه‌.

وه‌زاره‌تی داراییی عێراق له‌ ڕۆژی 19ی ئه‌م مانگە‌ نووسراوێكی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، كه‌ چوار خاڵی له‌ خۆی گرتووە؛ ئه‌وانیش، بۆ ماوه‌ی 30 ڕۆژ گفتوگۆی به‌رده‌وام له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كرێ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و خاڵێكی دیكه‌ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی نیسان و خاڵی سێیه‌م هه‌ردوو چاودێریی داراییی هه‌رێم و به‌غدا به ‌هاوبه‌شی وردبینی بۆ داهاته‌ غەیره‌نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن و له خاڵی كۆتاییدا هاتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتن ده‌كرێت، به‌غدا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دوای مانگی نیسان ڕه‌وانه‌ ده‌كات.

له‌ وەڵامی ئه‌و نوسراوەیە‌دا، وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی ھەرێم، وه‌ڵامی ئه‌و نووسراوی بەغدایان داوەتەوە به‌پێی نووسراوه‌كه‌، كه‌ كۆپییه‌كی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوه‌، وه‌زاره‌تی داراییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی نووسراوی وه‌زاره‌تی داراییی عێراق ده‌ربڕیوه.

ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، د. میاده‌ نه‌جاڕ، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و‌ كاره‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌نگاوێكی گرنگ و ئیجابییه‌ و مانای ئه‌وه‌یه‌ لێكنزیكبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌یه‌ و نیازیان هه‌یه‌ ئه‌و دۆسیانه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراون له‌ ڕیشه‌‌وه‌ چاره‌سه‌ریان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و كێشانه‌ بێت."

له‌باره‌ی ناردنی 400 ملیار دیناری به‌غداش بۆ هه‌رێم، د. میاده‌ نه‌جاڕ، باسی له‌وه ‌كرد: "ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پاره‌كه‌ دراوه‌ و ته‌نها ڕێكاری ته‌كنیكی ماوه‌ و له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و پاره‌یه‌ ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت."

گوتیشی: 'بڕیاره‌ دوای جه‌ژن ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن و له ‌ماوه‌ی 30 ڕۆژدا هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن."

بڵند ئیبراهیم