هەولێرـ KDP.info- ئەمڕۆ جارێکی دیکە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی پڕۆژەیاسای خانووبەرە کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، چاوەڕواندەکرێ بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێتەوە.
وەزارەتی شارەوانی تێبینی لەسەر چەند خاڵێکی پڕۆژەیاسای بە موڵککردنی خانووە زێدەڕۆکان هەبووە و بۆیە گەڕاندراوەتەوە پەرلەمان، لەو بارەوە لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسێۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "لەسەر خواستی شارەوانی پڕۆژەیاسای بە موڵککردنی خانووە زێدەڕۆکان بۆ پەلەمان ناردراوەتەوە، کە شارەوانی تێبینی لە چەند خاڵێکی پڕۆژە یاساکە هەبووە، ئەمڕۆیش پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی لەبارەوە دەکات".
لیزا فەلەکەدین بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمان لەسەر ئەوخاڵانەی تێبینیان لەسەر هەبووە دەنگدانی بۆ دەکات، ئەو خاوەن موڵکانەی خانووەکانیان بۆ تاپۆ دەکرێت سوودمەند دەبن لە حکوومەت، بۆیە ئەمڕۆ چاوەڕوان دەکرێ بەزۆرینەی دەنگ، دووبارە دەنگ بەو خاڵانە بدرێتەوە، کە تێبینیان لەسەر هەیە و دووبارەیش پەرلەمان پڕۆژە یاساکە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم دەنێرێتەوە."
ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری، گوتیشی: "ئەو پارەیەی لەم خانووانە وەردەگیرێت، پارەیەکی کەمە و رێژەییە، دواتر بۆ خزمەتگوزاری هەمان گەڕەک و کۆڵان بەکاردەهێنرێتەوە لە لایەن وەزارەتی شارەوانییەوە، بۆیە ئەمڕۆ دووبارە چەند خاڵێکی دەچێتەوە دەنگدان و دوای پەسەندکردنی دەنێردرێتەوە سەرۆکایەتی هەرێم و بڕیاری لەسەر دەدرێت".
فایزە کۆیی