دوای پشووی جەژن شاندی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەندامی شاندی حكوومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، بڕیارە دوای جەژن شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كۆی كێشەكانی نێوانیانەوە بكەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

بەختیار حاجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق رەزامەندییان نیشان داوە كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، بۆیە دوای پشووی جەژن شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر دەكرێن".

حاجی گوتیشی: "تەنها گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچەوە ناكرێت، بەڵكوو باسی كۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان چارەسەر بكەن و لەسەریان بگەنە رێككەوتن".

دەشڵێ: "حكوومەت رەزامەندیی نیشان داوە و دوای جەژن 400 ملیار دینارەكەی دیاری كردووە، بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەی دەكات و بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەن".

 

بڵند ئیبراهیم