گەڕی پێنجەمی دانوستانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە دەست پێدەكات

دوا نوێکردنەوە: 2020-05-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی كۆمێتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ڕایگەیاند، ئەنەكەسە و پەیەدە لەسەر پرسی سیاسی رێككەوتوون و، گەڕی پێنجەمی دانوستانی نێوانیشیان دەست پێدەكاتەوە.

نافیع عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمەریكاییەكان لەسەر هێڵن و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەكانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە دەكەن و فەڕەنساییەكانیش پشتیوانن، ئەمە جگە لەوەی كە دەستپێشخەرییەكی مەزڵووم كۆبانییە و نێچیرڤان بارزانیش پشتیوانی دەكات".

دوێنی هەینی، مەزڵووم عەبدی، ناسراو بە مەزڵووم كۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: "هەنگاوی یەكەمی قۆناغی دانوستانی كوردی-كوردی سەركەوتوو بوو، ئێمە چووینەتە قۆناغی دووەمەوە".

كۆبانی لە تویتێكدا، ئاماژەی داوە: "هیوامان وایە هەردوو لایەنی سیاسی، بەرژەوەندی و داهاتووی گەلی كورد لە بەرچاو بگرن".

كۆبانی لە كۆتاییشدا جەختی كردووەتەوە: "ئەوان پێكەوە و بە یەكگرتوویی سەركەوتوو دەبن و مێژوو دەنووسنەوە".

هەر لەو بارەیەوە، نافیع عەبدوڵڵا ئاماژە دەدات: "بۆ گەڕی پێنجەمی دانوستانەكان دوو وەفد پێك هاتوون لە پەیەدە و ئەنەكەسە، كە هەردووكیان ٧ كەس بە ٧ كەسن و لە نزیكترین كاتدا دەست بە گفتوگۆ دەكەن".

گوتیشی: "هەردووكمان لەسەر پرسی سیاسی رێككەوتووین، بەڵام پرسی ئابووری و كارگێڕی و سەربازی ماون".

ئەم سەركردەیەی پەدەكەسە روونیشی كردەوە: "تا ئیستا هیچ مەرجێك بۆ ئێمە دیاری نەكراوە بۆ رێككەوتن و هیچ مەرجمان بۆیان نییە و هیچ مەرجێكیش قبووڵ ناكەین، بەڵكوو نیەتێكی باشی رێككەوتنمان هەیە".

 

كاروان باعەدری