بەغدا - KDP.info - بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ، گەشبینە بەوەی ھەرێم و بەغدا دەگەنە ڕێککەوتن و پشکی ھەرێمی کوردستانیش لەنێو بودجەدا دیاری دەکرێت.
د. ڤیان ئاکرەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دانوستانی لەسەر بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین بودجە بێتە ناو پەرلەمان و لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بێتە پەرلەمان، ئەوکات مافی ھەرێمی کوردستانیش دیار دەبێت، ھەروەک پێشتر لەلایەن ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدراڵەوە دانوستانی لەسەر کراوە، من گەشبینم لەسەر پرسە داراییەکان دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی."
دەربارەی پشکی کورد لەنێو بودجەی عێراقدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە: "بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو حکوومەت، پشکی کورد دیاری دەکرێت، ئێمە پێمان وایە ئەگەر بودجە لە پەرلەمانەوە دیاری بکرێت و پەسەند بکرێت زۆر باشترە بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەوکات پارەی مووچەی فەرمانبەران و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و شایستەی جووتیاران و ھەموو ئەو پشکانە دیار دەبن."
دەربارەی سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، د. ڤیان ئاکرەیی دەڵێت: "بەر لە جەژنی ڕەمەزان سێ جار لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆبوونەوە ھەبووە، ھەنگاوی باش نراون، بەڵام نازانین کەی دەگەڕێنەوە بەغدا."
قائید میرۆ