پاسەوانی بندیوار نامێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-05-31 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی، دەستی كردووە بە پێداچوونەوە و رێكخستنی یەكەی پاسەوانی و هەموو پاسەوانەكان لە ژێر چەتری یەك بەڕێوەبەرایەتیدا دەبن، بەمەش چیتر پاسەوانی بندیوار نامێنێت.

نزا مەلا غەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، رێكخستنەوە و یەكگرتنەوەی یەكەی پاسەوانی، یەكێكە لە خاڵەكانی یاسای چاكسازی و بڕیارە بە شێَوازێكی یاسایی رێك بخرێتەوە و بۆ دیاریكردنی پاسەوان بۆ هەر شوێنێك، لە ژێر یەك بەڕێوەبەرایەتیدا دەبن.

بە گوتەی مەلا غەفار، پێداچوونەوە بە پاسەوانی بەرپرسانی حیزبی و بارەگاكان دەكرێت و رێك دەخرێنەوە بە شێوەیەكی دادپەروەری و بۆ هەر لایەنێك پاسەوانی بۆ دیاری دەكرێت، چونكە ئێستا ژمارەیان زۆرە.

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، حكوومەت دەستی بە رێكخستنەوە كردووە و ئەمەش هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەبێت لە یاسای چاكسازی، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە جێبەجێكردنی كردووە.

ڕوونیشی كردەوە، جگە لە رێكخستنەوە و پێداچوونەوە، كە پاسەوانەكان خرانە ژێر چەتری یەك بەڕێوەبەرایەتی، ئەوكات هیچ پاسەوانێكی بندیوار نامێنێت و ئەوانەی بە فیعلی پاسەوانن، ئەوان دەمێنن.

 

بڵند ئیبراهیم