وەزیری گواستنەوە: نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێت به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 25 کەمدەکرێتەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە رۆژی سبه‌ینێ دووشه‌مه‌وه‌ نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێت به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 25 کەمدەکرێتەوە و خێراییەکەشیان زیاد دەبێت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەمکردنەوەی نرخی هێڵەکانی ئینتەرنێت وتی، کۆمپانیای فاستلینک و نۆرتێل (FTTH) ی ماڵان بەڵێنیاندا لە رۆژی 1-06-2020ـەوە نرخی ئینتەرنێت لە 25% دابەزێنن. بۆیە بەهاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان رادەگەیێنین کە ئەو دوو کۆمپانیایە نرخی هێلڵەکانی ئینتەرنێت دادەبەزێنن.

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، داوا لە کۆمپانیاکانی دیکە دەکات کە ئەوانیش بێنە پێشتەوەو پابەندبن بە بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و ئەوانیش نرخەکانیان دابەزێنن.

سەبارەت بە نرخی کارەتەکانی مۆبایل، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی، کۆمپانیاکانی ئاسیاسێل، کۆڕەک تیلیکۆم و زەین. لە 20% باجیان هەیەو ئەوەش پەیوەستە بە حکومەتی عێراقی و لە ساڵی 2005 ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوە. ئێمە تەنیا داوا لە وەزارەتی گواستنەوەی گەیاندنی عێراق دەکەین کە ئەو 20%ـەی لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و خەرجبکرێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.