دیجیتاڵ میدیاى سپێده
ژوورى ئۆپەراسیۆنی پارێزگاى ههڵهبجه، چهند بڕیارێكى دهركردو رایگهیاند: یەکە ئیداریەکان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان پابەند دەبن بە ئەنجام دانى سەرجەم رێکارە پێویستەکان.
ئازاد توفیق پارێزگارى ههڵهبجه رایگهیاند: لە بەر رۆشنایى بەیانى ژمارە (٣٨)ى ساڵى ٢٠٢٠ ى وەزارەتى ناوخۆ لە ڕێکەوتى (١/٦/٢٠٢٠) کۆبونەوەى ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگامان بە ئامادەبوونى سەرۆک و ئەندامانى ژوور ئەنجام درا، پاش گفتووگۆ ئەم بــڕیـــارانـــەى خـــوارەوە درا:
١. پاراستنى سەلامەتى هاوڵاتیان لە پێش هەموو شتێکەوەیە هەر لە پیناو پاراستنى ئەم سەلامەتیەش ژوورى ئۆپەراسیۆن و یەکە ئیداریەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجە پابەند دەبن بە جێ بەجێکردنى بەیانى ژمارە (٣٨)ى وەزارەتى ناوخۆ.
٢.یەکە ئیداریەکان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان پابەند دەبن بە ئەنجام دانى سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ جێ بەجێکردنى ناوەڕۆکى بەیانى ئاماژە پێکراوى سەرەوە بۆ ئەمەش پێویستە هاوکارى و هەماهەنگى پێویست هەبێ لە نێوانیاندا.
٣. ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگامان داوا لە سەرجەم هاوڵاتیانى خۆشەویست دەکات لە پیناو پاراستنى سەلامەتى تەندروستى خۆیان و ماڵ و منداڵیان پابەندى سەرجەم ڕێنماییە تەندروستیەکان بن.
٤. لەگەڵ ڕەچاو کردنى پابەندبوون بە جێبە جێکردنى ناوەڕۆکى بەیانى ئاماژە پێکراوى سەرەوە پێویستە لایەنە پەیوەندى دارەکان رێککارە خۆپارێزیەکان لە هەر دوو دەروازەى (شۆشمى – تەوێڵە) و (پشتە) جێ بەجێ بکەن.
٥. بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى بە هەماهەنگى لەگەڵ مامۆستایانى ئایینى خۆشەویست و بەڕێزان لە یەکێتى زانایان بە هەماهەنگى لایەنە پەیوەندى دارەکانى دیکە هەڵمەتێکى هۆشیار کردنەوەى خۆپارێزى بۆ ڕووبەروبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئەنجام دەدەن.