وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕى هه‌نارده‌و داهاتى نه‌وتى مانگی ئایاری بڵاوکردەوە

دوا نوێکردنەوە: 2020-06-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی بۆ مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لە میانی ئەو مانگەدا، ٩٩ ملیۆن و ٥٨٥ هەزار و ٢٨٣ بەرمیل نەوت هەناردەکردووە کە بەهاکەی دوو ملیار و ٩١ ملیۆن و ٨١١ هەزار دۆڵار بووە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، كۆی گشتیی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی ئایاری رابردوودا، گەیشتووەتە ٩٩ ملیۆن و ٥٨٥ هەزار و ٢٨٣ بەرمیل کە داهاتەكەی دوو ملیار و ٩١ ملیۆن و ٨١١ هەزار دۆلار بووە.

وتیشى، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا، ٩٦ ملیۆن و ٣٩ هەزار و ٨٥٢ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی هەناردەكراویش لە كێڵگەكانی كەركووك بە ئاراستەی بەندەری جەیهان لە تورکیا، سێ ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ٤٣١ بەرمیل بووە.

عاسم جیهاد باسی لەوەشکردووە كە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە سێ ملیۆن و ٢١٢ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەكراوە و روونیکردووەتەوە كە رۆژانە سێ ملیۆن و ٩٨ هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەرەكانی بەسرەوە هەناردەكراوە و ١١٤ هەزار بەرمیل نەوتیش لەڕێگەی بەندەری جەیهان-ەوە هەناردەكراوە.

ناوبراو ئاشکرایشی کردووە، کە لە مانگی ئایاری رابردوودا، یەك بەرمیل نەوت بە ٢١ دۆلار فرۆشراوە.