هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ گەرەنتیكردنی پارەی ئەو كەسانەی كە یەكەی نیشتەجێبوون لە شارەكانی نیشتەجێبوون دەكڕن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە پارەی كاش نەدرێت بە وەبەرهێنەر، بەڵكو لە هەژمارێكی بانكیدا دابنرێت لە ژێر چاودێریی دەستەی وەبەرهێنان.
دكتۆر محەمەد شوكری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ نەفەوتانی پارەی ئەو هاووڵاتیانەی یەكەی نیشتەجێبوون لە شارەكانی نیشتەجێوون دەكڕن، ئەوانەی كە لە لایەن وەبەرهێنانەوە دروست دەكرێن، بڕیار دراوە هیچ بڕە پارەیەك بە كاش نەدرێت بە وەبەرهێنەر، بەڵكو لە هەژمارێكی بانكی دادەنرێت و پارێزراو دەبێت، لە كاتێكدا ئەگەر وەبەرهێنەرەكە پڕۆژەكەی تەواو نەكرد، ئەوا هاووڵاتییەكە پارەكەی وەردەگرێتەوە".
شوكری دەشڵێت: "بەرێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە شارەكان دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو پارانەیان هەیە بۆ وەبەرهێنەران لە كاتی تەواوكردنی پڕۆژەكاندا".
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا: "بڕیارمان داوە كڕین و فرۆشتن بە یەكەكانی نیشتەجێبوون نەكرێت تا دوای تاپۆكردنیان لەسەر خاوەنەكانیان، هەر نووسینگەیەكی عەقاراتیش كڕین و فرۆشتنی پێوە بكات، تووشی رووبەڕووبوونەوەی یاسایی دەبێتەوە و ئێمەش وەك دەستەی وەبەرهێنان بەرپرسیار نابین لەو مامەڵانەی بە شێوەی نایاسایی و پێش تاپۆكردنیان دەكرێن".
هێدی كاكەیی