سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى گشتیى به‌ریتانیا كرد

دوایین نوێکردنەوە 2020-06-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/6/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز جەیمس سۆرنتن، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌كان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و ڕێكاره‌كانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و كاریگه‌رى و لێكه‌وته‌‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانى، به‌تایبه‌تى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى، تاوتوێ كران. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه‌ دۆخى وڵات ده‌خوازێت كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ چاره‌سه‌ر بكرێن و هیواى خواست له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى به‌ڕێز مسته‌فا كازمى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ر.

به‌هێزبوونه‌وه‌ و هێرشه‌كانى تیرۆرستانى داعش ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ پێویستیى بوونى میكانێزمێكى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسییه‌ جدییه‌ له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵدا كرایه‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتیى به‌ریتانیا له هه‌ولێر خواستى شانشینى یه‌كگرتووى بۆ پاراستن و بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى خواست كۆمپانیا به‌ریتانییه‌كان بتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى به‌ده‌ست بهێنن و له‌ ژێرخان و بواره‌ جیاكانى دیكه‌دا كار و هاوبه‌شى بكه‌ن.

به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌تى عێراق و جه‌ختكردنه‌وه‌ى هه‌ردوولا‌ له‌ پشتگیرى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران كازمى، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى چاكسازى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.