حكوومەتی عێراق دەست بە وەرگرتنی قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-06-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیاسایەك ئامادە دەكرێت  و حكوومەتی عێراق بە هۆی قەیرانی داراییەوە دەست بە قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی دەكات. دەشڵێ، بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەفتەی داهاتوو شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات.

د. بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوێنێ سەعات یەكی نیوەڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووە و تێیدا بەرنامەیەك ئامادە كرا بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، كە سەعات یەك ئەنجام دەدرێت و ئەوانەی كە بڕیاریان لێ درا، پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكرێت بۆ وەرگرتنی قەرز لە ناوەوە و دەرەوە و شانەی قەیرانەكان راپۆرتێك بخاتە ڕوو كە دۆخی كۆرۆنا لەچ ئاستێكدایە و هەروەها هەندیك گفتوگۆی گشتیش دەكرێت".

حەداد گوتیشی: "قەدەغەی هاتوچۆ بۆ پەرلەمانتاران كراوەیە و هەر كاتێك ویستیان دەگەنە پەرلەمان، چونكە كاری دیپلۆماسییان هەیە و بۆ دیپلۆماتكارانیش ئاساییە هاتوچۆ بكەن".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "چاوەڕێ دەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەغدا بۆ ئەوەی گفتوگۆكان دەست پێبكەنەوە لەگەڵ حكوومەتی نوێ، بۆ ئەم مەبەستەش حكوومەتی هەرێم خۆی ئامادە كردووە  و گەشبینین بگەنە رێككەوتن، چونكە بەدیلی رێككەوتن، هەر رێككەوتنە".

 

بڵند ئیبراهیم