ترەمپ: پێلۆسی بەنیازە بەربەست بۆ ئەنجومەنی پیران دروستبکات

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-27 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەنیازە لەپرسی لێسەندنەوەی متمانە بەربەست بۆ ئەنجومەنی پیران دروستبکات.

  نانسی پێلۆسی بەدواخستنی پرسەکە هەوڵی دۆزینەوەی تاکتیکی نوێ دەدات بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئەنجومەنی پیران

لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوە، دیموکراتەکان سەرەتا پرسی لێسەندنەوەی متمانە و تۆمەتبارکردنی ئەویان بەناپاکی بەپرسێکی بەپەلە و خێرا دەزانی، بەڵام لەئێستادا نانسی پێلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نێونەران بەدواخستنی پرسەکە هەوڵی دۆزینەوەی تاکتیکی نوێ دەدات بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتبارکردمان بەناپاکی.
 تاکتیکە بەربەستییەکانی پێلۆسی نیشانەی لاوازی دیموکراتەکانە لەو پرسەدا

سەرۆکی ئەمریکا نوسیویشیەتی، تاکتیکە بەربەستییەکانی پێلۆسی نیشانەی لاوازی دیموکراتەکانە لەو پرسەدا، چونکە دەزانن لەئەنجومەنی پیران تێناپەڕێنرێت.

رۆژی 11-ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ بەشێوەیەکی فەرمی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بەئەنجامدانی ناپاکی و بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی تۆمەتبارکرد و کەیسەکەی بەرزکردەوە بۆ ئەنجومەنی پیران، بەوەش ئەنجومەنی نوێنەران ترمپی کردە سێیەمەین سەرۆکی ئەو وڵاتە کە بڕیاری کۆتایی بەتۆمەتی ناپاکی و بەکارهێنانی دەسەڵات لەدژ دەربکرێت.
 
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لێپێچینەوەی لەگەڵ ترەمپ بەتۆمەتی ئەنجامدانی ناپاکی خستە دەنگدانەوە، 230 ئەندامی کۆنگرێس بە بەڵێ دەنگیاندا و 197 ئەندامی دیکەش رەتیانکردەوە.

بەپێی دەستوری ئەمریکا، پاش ئەوەی سەرۆک بەشێوەیەکی فەرمی بەئەنجامدانی ناپاکی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە تۆمەتباردەکرێت، لەهەنگاوی داهاتودا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کەلەئێستادا (نانسی پێلۆسی) ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵدەگرێت، تیمێک بۆ ئامادەکردنی کەیسەکە و پێشکەشکردنی بە دادگای ئەنجومەنی پیران ئامادە دەکات، ئەو تیمە لەئەمریکا پێیدەوترێت " بەڕێوەبەرانی تۆمەتبارکردنی سەرۆک".

بەگوێرەی یاساکانی تۆمەتبارکردنی سەرۆک بەناپاکی، مانگی داهاتو تیمەکە کارەکانیان تەواودەکەن و دادگای ئەنجومەنی پیران دەست بەبانگێشتکردنی سەرۆک دەکات.

لەئێستادا، نانسی پیلۆسی ئەو پرسەی دواخستوە و هێشتا رەوانەی دادگای تایبەتی ئەنجومەنی پیرانی نەکردوە، سەرۆکی ئەمریکاش ترسی لەهەنگاوەکانی هەیە.