ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/3 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە زیادبوونی مەترسییەکانی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکان کرد و بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ تووشبووان خواست. سوپاسی پابەندبوونی هاووڵاتییانیشی کرد بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان. گوتیشی حکومەتی هەرێم کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەر رێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و هیچ کەمتەرخەرمییەکیشی لەم رووەوە نەکردووە و ئەوەی پێویست بووە ئەنجامیداوە و ئێستاش بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە سەر خەڵک بۆ پاراستنی خۆیان و هاووڵاتییان و کۆمەڵگە. ئاماژەی بەوەشدا حکومەت دەیەوێ لە درێژەدان بە گرتنەبەری رێنماییە تەندروستییەکان، ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بەرچاو بگرێت و زیانی بەرنەکەوێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکێک دەیەوێ ئەم بابەتە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و تەندروستی خەڵکەوە هەیە، بە سیاسی بکات و گومانیان لە بوونی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە دروست کردووە و هانی خەڵک دەدەن پابەندی رێنماییەکان نەبن، بۆیە ئەم کەسانە ڕووبەڕووی یاسای دەکرێنەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بە شدار دەبێت . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری هەرێم بێت لەم دایەلۆگەدا.
دواتر جێگری سەرۆک وەزیران ڕاپۆرتێکی دەربارەی وردەکارییەکانی دانوستانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو، ئاماژەی بەوەشدا کە گفتوگۆ لە گەڵ حکومەتی نوێی عێراق بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی تایبەت بە نەوت و دارایی لە سەر بنەمای دەستوور.
ئینجا راپۆرتی لیژنەی باڵای چاکسازی سەبارەت بە بەدواداچوونی هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خرایەڕوو، کە تا ئێستا هەنگاوی باشی بڕیوە و ڕێکار و میکانیزمی پێویست و پەیڕەوی جێبەجێکردنی دەرچووە.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران هەردوو پڕۆژە یاسای (ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان) و (لە ئەستۆکردنی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان)ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.