به‌غدا -KDP.info- بڕیارده‌ری لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق گوتی، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق بڕیار درا كه جارێ حكوومه‌ت قه‌رز وه‌رنه‌گرێت و پێویسته تا كۆتاییی ئه‌م مانگه پڕۆژەیاسای بودجه ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات ئه‌وكات بڕیار ده‌درێت حكوومه‌ت قه‌رز بكات، یاخود نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌رزی كرد پشكی هه‌رێمیشی تێدا ده‌بێت و پێویسته شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمیش تا سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بێته به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات و پێش ئه‌وه‌ی بگاته په‌رله‌مان له پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر بكرێت.
بڕیارده‌ری لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق، د. ئه‌حمه‌د سه‌فار، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیار بوو له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بڕیار بدرێت حكوومه‌ت قه‌رزی وه‌رگرێت، به‌ڵام ڕه‌زامه‌ندی نه‌درا، چونكه به‌پێی یاسا ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت پێویستی پێی هه‌بێت له‌ناو پڕۆژەیاسای بودجەدا مادده‌یه‌ك دیاری ده‌كرێت، بۆیه په‌رله‌مان داوای له حكوومه‌ت كرد تاوه‌كو كۆتاییی مانگ (30/6) پێویسته بودجه بۆ په‌رله‌مان ڕه‌وانه بكه‌ن و هه‌ركاتێك بودجه هات ئه‌وكات داهات و خه‌رجی و كورتهێنان دیار ده‌بێت و ئاشكراش ده‌بێت حكوومه‌ت پێویستی به قه‌رز هه‌یه، پێویستی به چه‌ند هه‌یه و قه‌رزی ناوخۆیی، یان ده‌ره‌وه، ئه‌وكات ئاشكرا ده‌بێت و ئینجا لە په‌رله‌مان بڕیاری لێ ده‌درێت."
د. ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتیشی: "مادام قه‌رز وه‌ربگیرێت كه ده‌چێته نه‌فه‌قاتی سیادی پشكی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدا ده‌بێت، بۆیه هه‌ركاتێك بودجه هات ئه‌وكات بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌رز كرا پشكی هه‌رێمی كوردستانیشی تێدایه.'
سه‌فار باسی له‌وه‌ش كرد: "ئه‌و بڕیاره وای كرد حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌له بكات له هاتنی بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه ڕێككه‌وتن پێش ئه‌وه‌ی بودجه ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه له بودجەدا جێگیر بكرێت، بۆیه گرنگه سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم بێته به‌غدا."
بڵند ئیبراهیم