خۆشناو: تاكه هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی پەرلەمان خۆپارێزییه له ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ك بابه‌تی سیاسی
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان كوردستان ئاشكراى کرد، حه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سهرۆكفراكسیۆنهكانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌چێت و ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانیش ده‌گیرێته به‌ر. ده‌شڵێ: تاكه هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی پەرلەمان خۆپارێزییه له ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ك بابه‌تی سیاسی .
ئومێد خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له ماوه‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆ و ڕاگۆڕینه‌وه‌مان هه‌بووه، ئێستاش هیچ هۆكارێك نابینین بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان نه‌كرێ و ڕێچكه ئه‌ساسییه‌كه‌ی نه‌گرێته به‌ر، به خۆشحاڵییه‌وه ئیستا هیچ گرفتێك نابینین، هه‌موو لایه‌ك كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كاره‌كانی خۆی ده‌كات و هیچ گرفتێكمان نییه، په‌رله‌مان شوێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه و به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین ببێته شوێنی كێشه و ده‌بێ كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانیش له‌ناو په‌رله‌مان به‌سه‌ریاندا سه‌ركه‌وتوو و زاڵ بین و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه."
خۆشناو گوتیشی: " تاكه هۆكاری كۆنه‌بوونه‌وه‌ی پەرلەمان خۆپارێزییه له ڤایرۆسی كۆرۆنا نه‌ك بابه‌تی سیاسی و ئه‌و جۆره بابه‌تانه‌ی پێشتر به جۆرێك كاریگه‌رییان هه‌بوو، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌م چه‌ند ڕۆژه، یان حه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمان و سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان ئه‌نجام ده‌درێ و ڕێوشوێنه‌كانی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانیش ده‌گیرێته به‌ر ".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی زه‌رد له پەرلەمانی كوردستان ده‌شڵێت: "بۆی هه‌یه چه‌ند وه‌زیرێكیش له‌سه‌ر بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار بێنه پەرلەمان و گفتوگۆ له نێوان حكوومه‌ت و پەرلەمان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخ و بابه‌تانه‌ی كه پێویست بكات گفتوگۆ و هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكرێت، ده‌كه‌ین و به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌بینه‌وە."
نه‌شوان به‌رزنجی