English | عربي

"شنگال، سەرباری میلیشیاکان ئاگریشی هاتە سەر"



2019/06/09 | 16:45

(هەواڵ كوردستان)-

 

شنگال-KDP.info- سەرباری ترس لە چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی، شنگالییەکان چاوێکیان لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانە و چاوکێشیان لە خێزانەکانیانە بۆ پاراستن و بەڕێکردنی ژیانیان.

 

شنگال ئەو شارەی هێزی زۆر و ئارامیی کەمی تێدایە و لە هەر لایەکەوە هێزێک دەستی بەسەر ناوچەیەکدا گرتووە و کەس ئاگای لە کەس نییە و پڕ لە میلیشیایە.

شنگال دەسووتێت و کەس خۆی لێی ناکاتە خاوەن.

لە دەشتاییەکی فراوان و بێ خزمەتگوزاری و بەو دۆخەی بەسەریان هاتووە، ئێستا ئاگر بووەتە هەڕەشە لەسەر تاکە سەرچاوەی ژیانیان، کە چاندنی گەنم و جۆیە.

 

سەمیر مستۆ، کە خێزانێکی لە ئەستۆدایە و، تاکە سەرچاوەی ژیانیان چاندنی چەند زەوییەکی کشتوکاڵییە، ئێستا لە شنگالە و دەترسێت زەوییە کشتوکاڵییەکانیان ئاگر بگرن و دەڵێت: "چەندین زەویی کشتوکاڵی سووتاون.

دوێنێیش درەنگانی شەو ئاگر لە دەشتی شنگالەوە هاتووە و ڕووبەرێکی ئێجگار زۆری سووتاندووە و دوو کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە."

 

سەمیر مستۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لەم ناوچەیە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژینەوە نییە و دەشتێکی گەورەیە و ئێمە نازانین ئەو ئاگرە لە کوێوە دێ و کێ دەبێتە قوربانی."

  بەشیک لە تۆمەتەکان ڕوو لە داعش دەکەن و بەشیكیشیان ڕوو لە عەرەبەکانی سەر سنوور دەکەن.

ئەوانەی دەستیان لە تاوانی ئێزدییاندا هەبووە.

 

ئاگر تەنیا هەڕەشە بۆ سەر زەوییە کشتووکاڵییەکان نییە

 

ئەوەی شنگالییەکان دەڵێن، هەر ئەوە نییە.

ئەوان پێیان وایە، ئاگرکەوتنەوە دەستێکی تری لە پشتەوەیە، چونکە ٦٨ گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی بەتاکیان هەیە و ئامانج لەناوبردنی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەیە بۆ ئەوەی هیچ ئاسەوارێک نەمێنیت.

ئێستا قۆناغێ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە و ئەوە چەندین جارە ئەو زەوییانە ڕووبەڕووی سووتمان دەبنەوە، بۆیەش شنگالییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمپینی پاراستنی گۆڕەکانیان ڕاگەیاندووە.

هێزە بەناو ئەمنییەکانی نێو شنگال توانای پاراستنیان نییە و، خەڵک خۆیان چاودێریی بەربوومە کشتووکاڵییەکان دەکەن.

 

حکوومەتی خۆجێی چی دەڵێت؟

 

ئێستا حکوومەتی خۆجێیی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان لەوێ نین، بەڵام قایمقامی شنگال دەڵێت: "داوامان لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکەن، چونکە ڕووبەرێکی گەورە لە شنگال سووتاوە."

 

مەحما خەلیل بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەر سووتانی زەوییە کشتووکاڵییەکان نییە، دەبێ بزانین چ دەستێک لە پشت ڕووداوەکانەوەیە."

 

كــاروان بــاعەدری

 

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending