English | عربي

پۆلیسی سلێمانی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ مه‌كۆی گۆڕان كرابێت


پۆلیسی سلێمانی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ مه‌كۆی گۆڕان كرابێت

2019/06/11 | 17:15

(هەواڵ كوردستان)- K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند، بەرپرسێکی یەکێتی هەڕەشەی لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە و دوا بە دوا ئەوە، هێرشکراوەتە سەر ژمارەیەک هەڵسووڕاوی بزووتنەوەکە لە گردی زەرگەتە، به‌ڵام له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا پۆلیسی سلێمانی ئه‌و هه‌واڵه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیسی سلێمانیدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی رابردوو گرژیی‌ و ئاڵۆزیی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیانكردووه‌تە سەر سكیورتییەكان‌ و تەقە درووستبووە لەبەردەم نەخۆشخانەكە و دوور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان". 

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "به‌هۆی‌ رووداوه‌كه‌وه‌ كه‌سێك به‌ناوی‌ (ڕ.

ف) برینداربووە و دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی رووداوەكە و بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووه‌تەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە". 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كه‌دا، پۆلیسی سلێمانی ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، ته‌قه‌ له‌ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كرابێت.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌: "بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی هێزه‌كانی‌ پۆلیس دەركەوتووە، كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە.

تەنها كێشەكە لە نێوان چەكدارەكان ‌و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە".

ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، به‌رپرسێكی یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌كه‌یان كردووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 گه‌یشتووه‌، هاتووه‌: "شه‌وی سێشه‌ممه‌، 11ی 6ی 2019، له‌ ئه‌نجامی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر‌پرسێکی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌ هه‌ڵسوڕاوان و مه‌کۆی سه‌ره‌کی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سلێمانی، دوای ئەوە ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاو له‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ ده‌که‌ونه‌ به‌ر هێرش و ته‌قه‌ی گروپێکی چه‌کداری به‌ناو سکیوریتی و له‌ ئه‌نجامدا کاکه‌ ( رێبه‌ند فه‌رهاد) شه‌هید ده‌بێت و چه‌ند که‌سێک ده‌ستگیر ده‌کرێن و پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌کرێن".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "‎ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسیارانه‌ ئاسایشی ناوچه‌که‌ و شاری سلێمانی تێکده‌دات.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ توندی ئیدانه‌ی ده‌کات و ئۆباڵی هه‌ر روداوێکی نه‌خوازراو ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی که‌ رێز بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیان و که‌رامه‌تی هاووڵاتیانی کوردستان دانانێن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، ‎بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوای "لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ کۆی هه‌ڕه‌شه‌ و روداوه‌که‌"ی كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌قه‌كردنه‌كاندا، كه‌سێكی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ به‌ ناوی "رێبه‌ند فه‌رهاد" گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و گۆڕان وه‌ك "شه‌هیدی به‌رگری له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان" وه‌سفی كردووه‌.

ئ.ڕ 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending