English | عربي

بەوێنە.. لە فەلەستین پەیکەرێک بۆ دوژمنێکی سەرسەختی کورد دروست دەکرێ


بەوێنە.. لە فەلەستین پەیکەرێک بۆ دوژمنێکی سەرسەختی کورد دروست دەکرێ

2019/06/12 | 12:05

(هەواڵ كوردستان)-

جارێکی دیکە دروستکردنی پەیکەرێک لە فەلەستین بۆ دوژمنێکی سەرسەختی کورد، مشتومڕ دەنێتەوە.

پەیکەری سەدام حوسێنی سەرۆکی رژێمی بەعسی عێراق لە شاری قەلقەلییە لە فەلەستین لە ساڵی 2017 بە رەزامەندیی دەسەڵاتی فەلەستین دروست کراوە و بە ”سەیدول شوهەدای سەدە“ ناونراوە.

شێخە جاسم، ئەکادیمی و چالاکوانی کوێتی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاماژەی بە تاوانەکانی سەدام حوسێن و رژێمی بەعس لە کوێت کردووە و بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری کردووە، لەگەڵ ئەو هەموو تاوانانەی، پەیکەریشی بۆ لە فەلەستین دروست دەکرێ؟.

هەروەها ئۆفیر جێندڵمان، گوتەبێژی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، فەلەستینییەکان ”بە پارەی کوێتییەکان“ پەیکەر بۆ دوژمنی کوێتییەکان دروست دەکەن.

بەعس، کە لە ساڵی 1968 تاوەکو 1991 حوکمڕانیی کوردستانی کرد و سەدام حوسێن لە 1979 تا لەسێدارەدانی سەرۆکایەتی ئەو حزبەی دەکرد، سیاسەتی سوتماککردنی کوردستانی پەیڕەو کرد و وێڕای ئەنفالکردنی 182 هەزار هاووڵاتیی کورد، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی، شەهیدکردنی پێنج هەزار هاووڵاتیی هەڵەبجە بە گازی کیمیاوی، نزیکەی پێنج هەزار گوندی باشووری کوردستانیشی وێران کرد.

جگە لەو تاوانانەی بەرامبەر کوردستان، سەدام حوسێن لە ساڵی 1990 بۆ ماوەی حەوت مانگ کوێتی داگیر کرد.

دوای رووخاندنی رژێمەکە و خۆشاردنەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێک، رۆژی 6.12.2003، سەدام حوسێن‌ی سەرۆکی رژێمی بەعس لە چاڵێکدا لە باخچەیەکی سنووری شاری تکریت دەستگیر کرا و دوای دادگایی کردنی، لە رۆژی 5.11.2006 دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

سەدام حوسێن لە رۆژی 30.12.2006 لە شاری بەغدا لە سێدارە درا.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending