English | عربي

وشه‌ی "كوردستان" كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی


وشه‌ی

2019/06/12 | 14:25

(هەواڵ كوردستان)- K24 - هه‌ولێر:

به‌كارهێنانی وشه‌ی "كوردستان"، له‌لایه‌ن بن عه‌لی یه‌ڵدریمه‌وه‌، له‌ میانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی له‌ شاری دیاربه‌كری باكووری كوردستان، گرفت ده‌خاته‌ نێوان پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا مه‌هه‌به‌ و پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان.

ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌‌ رایگه‌یاند، "ئێستا هیچ شتێك نییه‌ به‌ناوی كوردستان یان لازستان هه‌رگیز رێگه‌ی تێناچێت له‌ داهاتووش رووبدات"، روونیشی كردووه‌ته‌وه‌ سه‌یری دیبه‌یتی نێوان بن عه‌لی یه‌ڵدریم و ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو ناكات.

به‌ گوێره‌ی میدیاكانی توركیا، به‌كارهێنانی وشه‌ی "كوردستان"، له‌لایه‌ن یه‌ڵدریمه‌وه‌، مه‌به‌ستی راكێشانی سۆزی ده‌نگده‌رانی كورد.

بن عه‌لی یه‌ڵدریم، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ شاری دیاربه‌كر، گوتی: "كاتێك خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستیپێكرد، مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك له‌ په‌رله‌مان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆبووه‌وه‌، له‌ نێوان ئاماده‌بووانیش نوێنه‌رانی كوردستان و لازستان هه‌بوو".

باخچه‌لی، كه‌ سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیایه‌، له‌ تویته‌ره‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند، هیچ شتێك به‌ناوی "كوردستان یان لازستان" بوونی نییه‌ و له‌ داهاتووشدا نابێت، ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵانه‌ ده‌كات هه‌میشه‌ مه‌هه‌په‌ به‌رامبه‌ریان ده‌وه‌ستێته‌وه‌، له‌ به‌ڵێنه‌كانمان پاشگه‌ز نابینه‌وه‌، ئه‌مڕۆش له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڵوێستی دوێنێین".

له‌ هه‌ڵبژاردنی 31ی ئاداری رابردوو، ئاكپارتی، یان پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، كه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئیستانبولی له‌ده‌ستدا و له‌ به‌رامبه‌ردا، كاندیدی پارتی گه‌لی كۆماری (جه‌هه‌په‌)، ئه‌كره‌م ئیمامئۆغلو، توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت.

دواتریش به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی "گه‌ل ئه‌نجامی هه‌ڵبژارد ره‌تده‌كاته‌وه‌"، ئاكپارتی تانه‌ی له‌ ئه‌نجامه‌كه‌دا، بۆیه‌ لێژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاریدا، رۆژی 23ی حوزه‌یرانی 2019، هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی چاودێرانیش، هۆكاری له‌ده‌ستدانی شاره‌وانی ئیستانبول له‌لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ده‌نگی كورد بۆ كاندیدی دادوگه‌شه‌پێدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان هه‌وڵده‌دات سۆزی كورد بۆخۆش رابكێشێت.

سه‌رچاوه‌: زه‌مانی عه‌ره‌بی

ئ.

م








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending