English | عربي

حكوومەت چەند ئیمتیازێك بە فەرمانبەرانی گرێبەست دەدا


حكوومەت چەند ئیمتیازێك بە فەرمانبەرانی گرێبەست دەدا

2019/06/12 | 15:20

(هەواڵ كوردستان)-  

بەپێی نووسراوی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، راژەی فەرمانبەری گرێبەست وەكوو فەرمانبەری هەمیشەیی بە خزمەت ئەژمار دەكرێت، لەو حاڵەتەی كە دامەزرا بە هەمیشەیی، بەو مەرجەی پشكی خانەنشینییان لێ وەربگیرێت و خزمەتیان بۆ ئەژمار دەكرێت.

سەبارەت بەو خاڵە، حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: “لەو كاتەی فەرمانبەری گرێبەست بە هەمیشەیی دامەزرا، ئەو كاتە خزمەتەكەی بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ پرسی خانەنشینی، بەو مەرجەی كە دەبێت پشكی خانەنشینی لێ وەربگیرێت، كە ئەوەش بەپێی ساڵانی خزمەت دەبێت".

وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، فەرمانبەری گرێبەست بۆی هەیە لە ساڵێكدا 30 رۆژ مۆڵەتی ئاسایی، لەگەڵ مۆڵەتی 8 رۆژ تاوەكوو 15 رۆژ بۆ نەخۆشی، لەگەڵ مۆڵەتی بێ مووچە بۆ مانگێك وەربگرێت.

دووپاتیش كراوەتەوە، بۆ ئەو ئافرەتانەی گرێبەستن 72 رۆژ مۆڵەتی دایكایەتییان پێ دەدرێت، دوای ئەو مۆڵەتە بۆ ماوەی 2 مانگ مۆڵەتی نیو مووچەیان پێ دەدرێت، ئەگەر لەو كاتە بەكاری نەهێنێت ناتواندرێت دواتر پێیان پێ بدرێت.

پێشووتر رێگە بە فەرمانبەری گرێبەست نەدەدرا ئیفاد بكرێت، بەڵام بەپێی رێنماییەكە بۆ ناوخۆ ئیفاد دەكرێن، لەسەر بنەمای بڕوانامەكەشی شایستە داراییەكانی خەرجیی ئیفادی بۆ دەكرێت.

لە نووسراوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە كراوە بەرزترین مووچەی فەرمانبەری گرێبەست 2 ملیۆن و 500 هەزار دینارە، كەمترینیش 250 هەزار دینارە، ئەویش لەسەر بنەمای بڕوانامە و جۆری كارەكەیەتی.

پێشووتر لە ساڵی 2013 بەپێی رێنمایی 32 و 38ی وەزارەتی دارایی "هەر فەرمانبەرێك 3 ساڵی تەواو كرد، دەتوانێت ببێتە فەرمانبەری هەمیشەیی، بەو مەرجەی بودجەی بۆ تەرخان بكرێت"، بەڵام لە ماف و ئیمتیازە تازەكانی دارایی ئەو بابەتە باس نەكراوە.

زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

جەلال كوردی، سەرۆكی رێكخراوی فەرمانبەرانی گرێبەستی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "خواستەكانی ئێمە زیاترن، بە تایبەت بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ ئەو گرێبەستانەی، كە خزمەتی زۆریان هەیە، هەروەها دەبێ مافەكانی ئەوانیش لەگەڵ فەرمانبەرانی تر یەكسانییەكی تێدابێت".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending