English | عربي

گەیلان نان دەفرۆشێ و گیتاریش بۆ کڕیارەکانی دەژەنێ


گەیلان نان دەفرۆشێ و گیتاریش بۆ کڕیارەکانی دەژەنێ

2019/06/12 | 17:00

(هەواڵ كوردستان)- ”هەندێ لە کڕیاران دێن و لەگەڵ گیتار ژەنیننم گۆرانی دەڵێن“

لە شاری هەولێر، گەنجێک دوکانێکی فرۆشتنی نانی تیریی دادەنێت، لەگەڵ ئەوەش خولیای ژەنینی گیتاری هەیە و بەردەوام لە دوکانەکەی خەریکی گیتار ژەنینە، بۆیە زۆربەی کڕیارەکانی، سەرباری کڕینی نان، دێن گوێ لە میوزیکەکەی دەگرن.

گەیلان مەحموود قادر، لەدایکبووی ساڵی 2002 گوندی قەسرێی باڵەکایەتییە، تا پۆلی سێیەمی بنەڕەتیی خوێندووە، ماوەی دوو ساڵە خولیای ژەنینی ئامێری گیتارە، حەز بەوە دەکات لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان لە بەشی میوزیک بخوێنێت و زیاتر لەو ئامێرە شارەزا بێت.

ئەو کوڕە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکە، شوقەیەکیان بەکرێ گرتووە و هەر یەکە بە کارێک خەریکە، ئەویش لە رێگەی برایەکییەوە لە گەڕەکێکی شاری هەولێر، دوکانێکی بچووکی گرتووە و نانی تیری دەفرۆشێت، بەڵام دەستبەرداری حەزەکەی نەبووە و رۆژانە خەریکی پرۆڤە و ژەنینی ئامێرە میوزیکییەکەیەتی: ”گیتار حەزی منداڵیم بوو، دوو ساڵە دەستم داوەتە گیتار و بە شێوەیەکی کلاسیش دەیژەنم، پاڵپشتیی سەرەکییشم برایەکم بوو کە ئەویش گیتارژەنە، بۆیە لە رێگەی ئەوەوە وردە وردە خۆم فێری ژەنینی گیتار کرد و هاندەرێکی تایبەتیشم بوو“.

برایەکی دیکەی دوکانەکەی بۆ گرتووە، تا گەیلان خەریکی پەیداکردنی داهاتێک بێت، لە باڵەکایەتییەوە بۆ هەولێر دێن، نانیش لە قەڵادزێوە بۆ هەولێر دەهێنن و لەو دوکانە ساغی دەکەنەوە، گەیلان جگە لە فرۆشتنەکەش، دلیڤەریشی هەیە و کە هەر تەلەفۆنێکی بۆ بێت، سێنییەک نان لە پشتی ماتۆڕەکە دەبەستێت و بۆ شوێنی داواکراو دەیبات، دەڵێت: ”برایەکم فێری گیتاری کردم، برایەکیشم فێری کەسابەت، بەڕاستی ئەوان پاڵپشتیی تەواوم بوون، بۆیە ئێستا رۆژانە کات بە کەسابەت و بە پرۆڤەکردن دەبەمە سەر“.

گەیلان نکۆڵی لەوە ناکات، کە راستە کارەکەی بەو شێوەیە نییە، بەڵام پاڵپشتییەکی مادیی باشە بۆ ئەو، دەتوانێت یارمەتیی ماڵەوەش بدات، لەگەڵ ئەوەش کاتەکانی دابەش کردووە بۆ کارکردن و گیتار ژەنین: ”لەجیاتی پەبجی، فەیسبووک و شەڕە قسەی کۆمێنتەکان، خۆم بە ژەنینی گیتارەوە ئاسوودە دەکەم و دەروونم ئارام دەکەمەوە، لەجیاتی ئەوەی خۆم بە شتی بێ مانا خەریک بم، کاتەکان وا دابەش کردووە، نە میوزیک رێ لە کاسبییەکەم بگرێ، نە کاسبی رێگە لە میوزیکەکەم بگرێت، بەڵکوو کاسبی رێی زیاتر بۆ خۆش کردووم، بۆیە تەمەنا دەکەم ساڵێکی دیکە لە پەیمانگە وەربگیرێم و ببمە کەسێکی ئەکادیمی“.

ئەو گەنجە، رۆژانە بەهۆی نانفرۆشییەوە خەڵکێکی زۆر رووی تێ دەکات، نایشارێتەوە، کە زۆرن ئەوانەی نانی لێ دەکڕن، دوای گوێگرتن لە پارچە میوزیکێکی لێ دەکەن، ئەویش بەردەوام خەریکی ژەنینی ئەو ئامێرەیە، دەشڵێت: ”زۆر کەس هەبووە هاتووە و گوتوویەتی تۆ میوزیکەکە بژەنە و منیش گۆرانیت بۆ دەڵێم، چەندین کەس هاتوون، خەریکی ئەو کارە بووین و ئەو گۆرانی گوتووە و منیش میوزیکم ژەنیوە، ئەمن هەر نان نافرۆشم، دڵ و دەروونی خەڵکی ئارام دەکەمەوە، رۆژانە پێنج بۆ شەش سەعات میوزیک دەژەنم، ئەوانەی دێن و گوێ دەگرن، ئەوانەن هەستێکی میوزیکییان هەیە، زۆرن ئەوانەی دەستخۆشیم لێ دەکەن“.

گەیلان پێی وایە، کە کاسبی و خولیای گەنجی، هیچیان رێ لەوی دیکە ناگرن، هەموو گەنجێک دەتوانێت بەدوای حەز و خولیاکەی و کاسبیشدا بکەوێت: ”وەک من، پێویستە سەرچاوەیەکی داهاتت هەبێت و دەستبەرداری خەونەکانیشت نەبی، کاتەکانت دابەش بکە و خۆت بگونجێنە“.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending