English | عربي

"نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن كوردستان بەهێزتر بكەن"



2019/06/12 | 17:35

(هەواڵ كوردستان)-

هەولێر-KDP.info-  بە بڕوای چاودێران و حزب و لایەنەكان، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن ئەزموونی كوردستان بپارێزن و كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكە ببەن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە.

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە لە ڕێوڕەسمێكی گەورە و شایستەدا نێچیرڤان بارزانی، سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆكی هەرێم، دوێنێش (١١-٦-٢٠١٩) پەرلەمانی كوردستان مەسروور بارزانیی ناودێر كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئەمڕۆش (١٢-٦-٢٠١٩) سەرۆكی هەرێم مەسروور بارزانیی ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا كابینەی حكوومەتی هەرێم پێك بهێنێت.

عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "سەرۆكایەتیی هەرێم پۆستێكە ئەرك و بەرپرسیارەتییەکانی بەپێی یاسای ژمارە 1ی  ساڵی 2005 دیاری كراون، ئەویش نوێنەرایەتیی هەرێم و ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەكانە لەگەڵ بەغدا و دەرەوە.

كەسێكی وەكو نێچیرڤان بارزانی كە ئەزموونێكی دوورودرێژی لە حوكمڕانیدا هەیە و بەپێی ئەو دەستكەوتە گەورانەی كە بەدەستی هێناون، بەتایبەتی پاش گەماڕۆی ساڵی 2017 و، ئەگەر تەماشای برووسكەی پیرۆزبایی و ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە بكەین كە كراون، ئەوانە هەمووی نیشانەی ئەوەن كە نەك ئێمە، بەڵكو بەغدا و دەوروبەر و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش چاوەڕوانی زۆر شت لە نێچیرڤان بارزانی دەكەن، بۆیە لەو بڕوایەدام ئەگەر كەسێك هەبێت و بتوانێت پێگەی هەرێم بپارێزێت و بەهێزی بكات، ئەوە نێچیرڤان بارزانی باشترین كەسە بۆ ئەم قۆناغە".

لە لایەكی دیكەوە، موسلیح ڕەجەب، ئەندامی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، دەتوانێت بەو ئەزموونەی كە هەیەتی ئەزموونی كوردستان بپارێزێت و كوردستان بەهێزتر بكات، چونكە ئەزموونێكی دورودرێژی هەیە، هەروەها مەسروور بارزانی كە بە ئەندازیاری ئارامی ناسراوە، ئەویش ئەزموونێكی دورودرێژی هەیە، جێگەی دەستی دیارە و كەسێكی بەتوانا و زیرەكە، لەسەر ئاستی عێراق، هەتا لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە، هەردوو بەرێزان، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی دەتوانن ئەزموونی كوردستان بپارێزن و كوردستان بەرەو قۆناغێكی دیكە ببەن و بەهێزتری بکەن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، خەڵك ئۆمێدی هەیە كە ڕەوشی كوردستان لە سایەی ئەو دوو كەسەدا بەرەو باشتر دەچێت و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهێز دەبن، باشترین نموونەش هاتنی ئەو سەركردە جیهانییانە بۆ هەرێم و ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدایە، ئەوە هەمووی نیشانەی ئەوەن كە كوردستان پێش دەكەوێت و كوردستان ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەهێزتر دەبێت".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending