English | عربي

بنەماڵەی مامۆستا ئەمریكیە كوژراوەكەی سلێمانی گومانیان هەیە


بنەماڵەی مامۆستا ئەمریكیە كوژراوەكەی سلێمانی گومانیان هەیە

2019/06/12 | 20:50

(هەواڵ كوردستان)- داوای لێكۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئەمریكا دەكەن

ئەمڕۆ چوارشەممە كەناڵی (ئەلحورە)ی ئەمریكی ئاشكرای كرد كە بنەماڵەی مامۆستا كوژراوەكەی سلێمانی گومانیان لەو گێڕانەوەیە هەیە كە پۆلیسی سلێمانی رایانگەیاندووە، لەمبارەیەوە داوای لێكۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق دەكەن.

دوای ئەوەی مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی بە ناوی پیتەر چۆی تەمەن 35 ساڵ هەفتەی رابردوو لە ناو ماڵەكەی خۆیدا بە كوژراوی دۆزرابووەوە، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندبوو لە بالكۆنی شوقەكەیدا لە نهۆمی حەفتەمەوە كەوتووەتە خوارەوە، بنەماڵەی ئەم مامۆستایە رایدەگەیەنن كە دڵنیان كوڕەكەیان زۆر بە ئاگا و هۆشیار بووە، باوەڕ ناكەن لە بالكۆنی كەوتبێتە خوارەوە.

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندبوو كە مامۆستا پیتەر چۆی هەوڵی دابوو لە ڕێگەی بۆڕیەكی پلاستیكیەوە لە شوقەی دراوسێیەكیانەوە سەركەوێتە شوقەكەی خۆی و نەیتوانیبوو، بەم هۆیەوە لە نهۆمی حەفتەمەوە كەوتبووە خوارەوە، لەمبارەیەوە جەیمس چۆی تەمەن 38 ساڵ، كە دەكاتە برا گەورەی مامۆستا پیتەری كوژراو، بە ئێزگەی (ئێن بی سی)ی ئەمریكی راگەیاندووە زۆر هەوڵیان داوە لە هۆی كوژرانی براكەیان تێبگەن، بەڵام ناچێتە عەقڵیانەوە بەم سیناریۆیە كوژرابێ كە پۆلیسی سلێمانی گێڕاویەتیەوە.

جەیمس چۆی دەشڵێ "گومانمان هەیە سیناریۆیەكی خراپ لە پشت ئەو گێڕانەوەیەدا هەبێ، چونكە لەوە تێناگەین كە بۆچی براكەمان شتێكی وا دەكات، لە كاتێكدا ئەو كەسێكی زۆر بە ئاگا و هۆشیار بوو".

هەروەها دووپاتی كردووەتەوە كە براكەیان خەریكی خۆئامادەكردن بووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئەمریكا، داواش دەكات بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق زانیاری وەربگرن و لێكۆڵینەوە لە رووداوی كوشتنی براكەی بكەن.

جێی باسە پێشتریش لە ساڵی 2012دا لە قوتابخانەی میدیا سكووڵ لە سنووری سلێمانی، مامۆستایەكی ئەمریكی لەسەر دەستی قوتابیەك كوژرا، كە نەوەی شێخ جەنگی بوو بە ناوی بەیار تاڵەبانی.

بەیار دوای كوشتنی مامۆستا ئەمریكیەكەی بە دەمانچە، خۆیشی كوشتبوو، دوای رووداوەكەش، تاوانەكە خرایە ئەستۆی مامۆستا ئەمریكیە كوژراوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending