English | عربي

سیستەمی ئۆتۆمبێلەکانی هەولێر لە بەنزینەوە دەگۆڕدرێن بۆ غاز


سیستەمی ئۆتۆمبێلەکانی هەولێر لە بەنزینەوە دەگۆڕدرێن بۆ غاز

2019/06/19 | 21:45

(هەواڵ كوردستان)- لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە

بەمەبەستى گۆڕینى سیستەمى کارکردنى ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز لە پارێزگای هەولێر لێژنەیەک پێکدەهێنرێت، سەرۆکى لێژنەکەش رایگەیاند بەکارهێنانى سیستەمى غازکۆ ژینگەپارێز و سەلامەت و کەم خەرجییە.

 

دلاوەر ئۆمەر سەرۆکى لێژنەکە بە(باسنیوز) راگەیاند: "بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەى لێژنەى سەرپەرشتى و چاودێرى گۆڕینى سیستەمى کارکردنى ئۆتۆمبێل لە بەنزینەوە بۆ غاز ئەنجامدرا، بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گەشەپێدانى پیشەسازى و کارگەى غاز و سوتەمەنى و بەرگرى شارستانى و کاروبارى ناوخۆ و دەستەى ژینگە و بەڕێوەبەرى کارى هەولێر".

 

راشیگەیاند: " هەولێر وەکو یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستى عێراق لێژنەى تایبەتى بەو بابەتە پێکهێناوە پارێزگارى هەولێریش هەموو ئامادەییەکى دەربڕیوە بەمەبەستى سەرخستنى پڕۆسەکە و هەتگاونان بۆ جێبەجێکردنى لە نزیکترین کاتدا".

 

ناوبراو ئاماژەى بەئەوەش کرد" ئەم سیستەمە تێچووى کەم و پارێزراو و ژینگە پارێزە بۆیە بڕیارى پێویستمان وەرگرتووە بۆ دامەزراندنى چەند وێستگەیەکى تایبەت بە غاز و رەچاوکردنى مەرجى سەلامەتى، ئەو وێستگانەش مۆڵەتى تایبەتى کارکردنیان پێدەدرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى کارەوە، گۆڕینى سیستەمەکەش دەبێت تەواو گرێنتى کراوبێت لەلایەن ئەو وەرشانەى کە کاریان گۆڕینى سیستەمى ئۆتۆمبێلە لە بەنزینەوە بۆ غاز".

 

دەربارەى دابینکردنى غازى پێویست بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەى کە سیستەمەکەیان دەگۆڕن دلاوەر ئۆمەر رایگەیاند: " بەرپرسانى وێستگەکانى غاز و سووتەمەنى دڵنیاییان داوە بۆ دابینکردنى بڕى غازى پێویست چونکە تا ئێستا زیاتر لە(6) هەزار ئۆتۆمبێل سیستەمى کارکردنیان گۆڕیوە لە بەنزینەوە بۆ غاز".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending