سلێمانی.. چەند بڕیارێکی خۆپارێزی بۆ مزگەوت و نوێژخوێنان دەرکرا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای سلێمانی وەک هەنگاوی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مزگەوتەکان چەند بڕیارێکی دەرکرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای سلێمانی کە دەقی بڕیارەکانی لەخۆگرتووە، مزگەوتەکانی ناوبازاڕ تەنیا تەوالێتەکانی کراوەدەبن و نوێژی تێدا ئەنجامنادرێت.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، بڕیاردراوە کە رێگە نەدرێت بە هاتنی ژنان بۆ مزگەوت بۆ نوێژەکانی هەینی و جێگا و شوێنی نوێژەکانیان بەکاربهێنن تا کەمترین بەرکەوتە هەبێت لە مزگەوتەکاندا.
هاوکات داواکراوە کە هەوڵبدرێت وتاری هەینی لە دەرەوەی مزگەتەکان بدرێت، وەک گۆڕەپان و باخچە و شەقامی دەرەوەی مزگەوت، بە شێوازێک نارەحەتی بۆ خەڵکی دروستنەکات و وتاری هەینی ئەو بابەتە دەبێت کە بۆ مامۆستایان دەنێردرێت و نابێت ماوەی وتارەکە لە ١٠ خولەک زیاتر بێت.
لە راگەیەنراوەکەدا داواکراوە کە تا بکرێت موسڵمانان لە کاتی هاتنیان بۆ مزگەوت دەمامک و بەرماڵی تایبەتی خۆیان بەکاربێنن و هەوڵ بدرێت ماددهی پاککەرەوە لە مزگەوتەکان دابنرێت لە رێی خێرخوازانەوە.
لە راگەیەنراوەکە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای سلێمانی، ئەوەش هاتووە کە بەهیچ جۆرێک تەوقەکردن لە مزگەوتەکاندا نەکرێت، چونکە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشییەکە.