هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی بودجە و کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی بودجە و کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات
ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی بودجە و کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات

2019-12-04 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.


ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە داکۆکیکردن لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، هەروەها پشتیوانی لە پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا كرد بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بێت.


لە سەرەتای کۆبووەنەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین دەرئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە پڕۆژە بودجەی ٢٠٢٠ لە لایەن شاندی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا خرایەروو.


ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستاندکار، جەختی لە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داکۆکیکردنی لە ماف و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و بەو ئاراستەیەش شاندەکەی راسپارد کە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی تا پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان و فراکسیۆنەکانی دیکە، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرچاو بگیرێت.


کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەروەها ، گفتوگۆی دەربارەی دۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و گرفت و ئاستەنگەکانی کرد. وەزیری کارەبا کەمال محەمەد ساڵح راپۆرتێکی بەرفراوانی بە داتا و زانیاریی پێویست لە بارەی بەرهەمهێنان و خەرجییەکانی کارەبا و کێشە و ئاستەنگەکان و سەرپێچییەکانی بواری کارەبا خستەڕوو.


لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا هەموو هەوڵێک بخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی پڕۆژی پێوەری زیرەک بۆ کارەبا دەکات بە جۆرێک لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت. رێوشوێنی تووندیش بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی زیادەڕۆیی بۆ سەر تۆڕی کارەبا دەکەن دەگرێتەبەر.