English | عربي

کەموکوڕییەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی قوتابییانی لێ کەوتەوە


کەموکوڕییەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان خۆپیشاندانی قوتابییانی لێ کەوتەوە

2019/06/20 | 11:45

(هەواڵ كوردستان)- پێشتر چەند بەڵگەیەک لەبارەی دزەکردنی پرسیارەکان بڵاو کرابوونەوە

 

لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، ژمارەیەک لە قوتابییان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا و بانگەشەی بوونی کەموکوڕییان لە پرۆسەی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلە کۆتاییەکان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی ٦ی ٢٠١٩، کۆمەڵێک قوتابیی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، خۆپیشاندانێکیان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دا.

یەکێک لەو قوتابییانە ڕای گەیاند کە ”لە زۆربەی تاقیکردنەوەکاندا غەدرمان لێ کراوە و جیا لەوەی کە پرسیاری ھەڵە لەڕووی داڕشتنەوە ھاتبوو، ھاوکات پرسیار لە دەرەوەی مەنھەج ھاتبوو، یان پرسیاری وا ھاتبوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەناو مەنھەج ھەڵگیرابوو“.

ھاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکەی قوتابییان لە ھەولێر، لە سلێمانیش خۆپیشاندان ئەنجام درا و داوا لە وەزارەتی پەروەردە و پەرلەمانی کوردستانیش کرا، بەدەم داواکاریی قوتابییانەوە بچن.

یەکێکی دیکە لە قوتابییەکان، داوای کرد، قوتابییانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە وانەی بیرکاری قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە تیانووس (مسوەدە)یان بە قوتابی نەداوە تاوەکوو پرسیارەکانی تێدا شیکار بکات.

جگە لە بوونی کێشەی کارەبا و گەرمیی ھۆڵی تاقیکردنەوە و چەند کێشەیەکی دیکە.

پێشتر وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵای لە دژی پەیجی (زانکۆ لاین) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) تۆمار کردبوو کە بەھۆی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی جۆراوجۆرەوە لە بارەی تاقیکردنەوەکان، دەروونی قوتابییان تێک دەدەن.

لە بەرامبەریشدا پەیجەکە چەندان بەڵگەی ڤیدیۆیی و وێنە و زانیاری بڵاو کردەوە و تێیدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە دزە بە پرسیارەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کراوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending