English | عربي

ئەنجومەن و پارێزگارە نوێیەکەی مووسڵ دەیانەوێ بە یاسا پەکەکە و حەشد لە شنگال دوور بخەنەوە


ئەنجومەن و پارێزگارە نوێیەکەی مووسڵ دەیانەوێ بە یاسا پەکەکە و حەشد لە شنگال دوور بخەنەوە

2019/06/20 | 16:40

(هەواڵ كوردستان)- قائیمقامی شنگال: ملیۆنان دۆلار بۆ شنگال تەرخان کراوە و پەکەکە و حەشدی شەعبی رێگری لە خەرجکردنی دەکەن

ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کار بۆ ئەوە دەکات، لە رێگەی یاساوە پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال دوور بخرێنەوە و شارەکە لە رێگەی هێزێکی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگەوە بەڕێوە ببرێت.

قائیمقامی قەزای شنگالیش دەڵێ میلیشاکان توانای پارێزگاریکردنیان لە سامان و ژیانی خەڵکی نییە.

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، هەوڵێکی رژد لە ئەنجومەن و پارێزگای مووسڵ بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی، بە فشار خستنە سەر حکوومەتی عێراق لە سنووری قەزای شنگال دەستی پێ کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی بخ و دەغڵودانی بەشێکی زۆر لە جووتیارانی ئەو سنوورە سووتێنراون و پەکەکە و حەشدی شەعبییش ناتوانن رێگری لە بکەران بکەن.

لەمبارەیەوە، مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال بۆ (باس) رای گەیاند، ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ و پارێزگارەکەی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنییە، (شنگال)یش تا ئێستا بە فەرمی بەشێکە لە پارێزگای مووسڵ، ئەو هەنگاوانەی بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە لەو سنوورە دەستیان پێ کردووە، لەگەڵ ئەوەی کە ئەرکی خۆیانە، بەڵام بە هەنگاوی باش و گرنگی دەزانن، گوتی: “سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی عێراق مۆڵەتی بۆ پەکەکە دیاری کرد کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، بەڵام پەکەکە گوێی بەو داوایە نەدا، ئێستاش کە حکوومەتی مووسڵ هەوڵەکانی بۆ ئەو پرسە دەست پێکردووە، لەو بڕوایەداین بتوانێ فشار بخاتە سەر حکوومەتی ناوەندی و ئەوانیش کار بکەن بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانەی کە توانای پارێزگارییان لە خەڵکی ناوچەکە نییە و بگرە زۆرجار خۆشیان بەشێکی گەورەن لە کێشەکان”.

قائیمقامی شنگال ئاشکراشی کرد، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە، (30) هەزار دۆنم زەوی لەو سنوورەی شنگال ئاگری تێ بەردراوە و لەم هەفتەیەشدا لە شەوی شەممە (880) دۆنم زەویی دیکە بەیەکەوە سووتێنرا، کە بەرهەمی جووتیارانی ئەو ناوچەیە بوو، گوتی: “لەو ماوەیەی پێشمەرگە شنگالی پاراست، تەنانەت یەک دۆنم زەویش نەسووتاوە و یەکێکە لەو دوو ساڵە پڕ خێر و بێرانەی جووتیاران بوو، لەبەرئەوە شنگال تاوەکوو هێزی پێشمەرگەی بۆ نەگەڕێتەوە پارێزراو نابێت، ئەوەتا تەنانەت رێکخراوەکان ئامادە نین لەبەر بوونی پەکەکە و حەشدی شەعبی هاوکارییەکانیان بگەیەننە شارەکە، لە ماوەی رابردوودا کاربەڕێکەری باڵوێزخانه‌ی ئەمه‌ریکا لە عێراق خۆی گوتی: (ملیۆنان دۆلارمان ئامادە کردووە بۆ بنیاتنانەوەی شنگال، بەڵام بەھۆی خراپیی رەوشی ئیداری و ئەمنیی ئه‌و قه‌زایه،‌ ناتوانین ئەو ھاوکارییانە بگەیەنین)”.

لە ماوەی رابردووشدا، نورەدین قەبلان، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، گوتی: "بوونی هێزی بیانی لە شنگال كێشەیە بۆ پارێزگای نەینەوا و حكوومەتی ناوەندی، بەرپرسیارێتیی ئاسایشیش لە كارەكانی حكوومەتە و پێویستە بە هەر نرخێك بێت ئەو هێزانە دەربكرێن".

گوتیشی: "بوونی ئەو هێزانە لە ناوچەكەدا بەهۆی چەند هۆكارێكەوەیە، لەوانە دەستوەردانی نێودەوڵەتی، كە پشتگیریی لایەنێك دەكەن لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە".

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال، تەنیا زیان بە شارەكە ناگەیەنێت، بەڵكوو زیان بە سەرجەم ناوچەكە دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە حكوومەت ئەو هێزانە دەربكات، بۆ ئەوەی حكوومەتی ناوخۆیی توانای بۆ بگەڕێتەوە و كارە خزمەتگوزاری و یاساییەكانی پێشكەش بكات.

هاوکات، سیروان محەمەد رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگای مووسڵ، بۆ (باس) رای گەیاند: “ئێمە وەکوو پارێزگای مووسڵ، دان بەو دەسەڵاتەدا نانێین، کە ئێستا لە شنگالدا هەیە، تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی شەرعیی شنگال دەکەین و پەیوەندیی فەرمیمان لەگەڵ ئەو ئیدارەیە دەبێت، پێویستە کاری بەپەلە بۆ شنگال بکەین و دۆخەکەی چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەک لێ بکرێتەوە، کە ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان”.

جێی باسە، رۆژى 3ى ئابى ساڵى 2014، چەکدارانى داعش پەلامارى شەنگال و دەوروبەریان دا و سەدان کەسیان کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیش کەوتنە بەردەستى تیرۆرستانى داعش، بەتایبەت ژنان و منداڵان، هەرچەندە تا ئێستا بەشێکیان رزگار کراون، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆریان چارەنووسیان نادیارە.

دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزاکەش لەلایەن پێشمەرگەوە هێزێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان خۆیان خستە قەزاکە و تیایدا جێگیر بوون، دواتریش بەهۆی رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە، هێزەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر قەزاکەدا داگرتووە.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending