سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێک بۆ "گەڕانەوەی ئاسایش" لە کەرکوک، موسڵ و دیالە ئەنجام دەدات
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی دەستگیرکردنی تیرۆرستان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە و دەستگیرکردنی داواکراوان ئەمڕۆ لە پێنج قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی هەشتەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری پارێزگاکانی کەرکوک، موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین بەڕێوەدەبەن.
ئۆپەراسیۆنی هەشتەمی ئیرادەی سەرکەوتن بە فەرمانی سەرۆک وەزیران لە میحوەرەکانی نەینەوا، جەزیرە، سەلاحەدین و دیالە و کەرکوک" ئەنجامدەدرێت
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، ئۆپەراسیۆنی هەشتەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" بە فەرمانی سەرۆک وەزیران لە میحوەرەکانی "نەینەوا، جەزیرە، سەلاحەدین و دیالە و کەرکوک" ئەنجامدەدات.
ئۆپراسیۆنەکە بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەکان و ژمارەیەکی دیکە لە هێزە جیاوازەکان و دەزگای هەواڵگری لەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچێت
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەو ئۆپراسیۆنەدا هێزەکانی فیرقەی پێنجی سوپای عێراق بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەکان و ژمارەیەکی دیکە لە هێزە جیاوازەکان و دەزگای هەواڵگری لەو ناوچانەدا بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە کێوماڵکردنی ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەری و دەستگیرکردنی داواکراوان و گەڕانەوەی ئاسایشە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها سەرجەم گەڕانەکانیشیان پشت ئەستورە بە زانیاری هەواڵگری ورد.
حەوتی ئەم مانگە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی دەستگیرکردنی تیرۆرستان و گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە لە چوار قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی حەوتەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین بەڕێوەدەبەن.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پشکنین و رزگارکردنی ئەو گوند و شارۆچکانەیە کە گومانی بونی تیرۆرستانیان لێ دەکرێت
باسی لەوەشکردوە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە پشکنین و رزگارکردنی ئەو گوند و شارۆچکانەیە کە گومانی بونی تیرۆرستانیان لێ دەکرێت، هەروەها ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە جارێکی دیکە گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامییە بۆ ئەو ناوچانە.
رۆژی 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش ئۆپەراسیۆنی شەشەمی "ئیرادەی سەرکەوتن" لە سنوری باشوری کەرکوک بەڕێوەچو، بە گوێرەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لەو ئۆپراسیۆنەدا جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک داواکراو و چەندین بنکەی هێزە توندڕەوەکانیش لەناوبراون.