English | عربي

بەوێنە.. له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌رزی چنینەوەی تەرۆزیی دێمە


بەوێنە.. له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌رزی چنینەوەی تەرۆزیی دێمە

2019/06/30 | 11:20

(هەواڵ كوردستان)-

به‌یانییه‌كی زوو ڕۆیشتینه‌ یه‌كێك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، خێزانێكی بچووك خه‌ریكی چنینەوەی تەرۆزی بوون، به‌ده‌م كاركردنه‌وه‌ ده‌یانگوت: "ده‌بێ به‌یانیان‌ زوو بێین بۆ چنینەوەی تەرۆزی، چونكه‌‌ گه‌رم بكات، ناتوانین كار بكه‌ین".

 

تەرۆزیی دێم، له ‌كۆتاییی مانگی 4ی هه‌موو ساڵێك ده‌چێنرێت، به‌ڵام له‌ شوێن و ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ شوێن و ناوچه‌یه‌كی تر جیاوازه‌، دوای 40 ڕۆژیش له‌ چاندنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێده‌گات، به‌ڵام چنینەوەی به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌تا سه‌ره‌تاكانی مانگی حه‌وت، له‌ سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌رزی چنینەوەی ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌یانیان له‌ به‌شێك له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی سنووره‌كه‌د به‌ ده‌یان خێزان ده‌بینین، كه‌ خه‌ریكی چنینەوەی تەرۆزین.

 

شه‌فیق حه‌مه‌ساڵح، جووتیارێكی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا هاتوونه‌ته‌ ناو زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ی و تەرۆزی دەچننەوە و ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ماندا هاتووین بۆ ناو زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌مان و تەرۆزی دهاچنینەوە، تەرۆزیی دێم ده‌بێت به‌یانیان زوو بیچنیتەوە، ئه‌گینا گه‌رم بكات به‌كه‌ڵك نایه‌ت، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نوێژی به‌یانی هاتووین بۆ چنینه‌وه‌ی".

 

وه‌ك ئه‌و جووتیاره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ باسی ده‌كات، به‌رهه‌می ئه‌مساڵی تەرۆزیی هه‌ڵه‌بجه‌، باشتره‌ له‌ ساڵی ڕابردوو، چونكه‌ ساڵی ڕابردوو نه‌خۆشی لێی دابوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ نه‌خۆشی لێی نه‌داوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیش تەرۆزیی سنووره‌كه‌ ناسك و باشه‌.

 

شه‌فیق حه‌مه‌ساڵح ده‌شڵێت: "ئه‌و تەرۆزییه‌ی ده‌یچنین، ڕۆژانه‌ ده‌یفرۆشین، نرخی یەک كیلۆ له‌ ڕۆژێكه‌وه‌ بۆ ڕۆژێكی تر جیاوازه‌، چونكه‌ هه‌تا له‌ بازاڕدا به‌رهه‌مه‌كه‌ زۆرتر بێت، نرخی كه‌متر ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌ سه‌ره‌تادا یەک كیلۆمان به‌ هه‌زار دینار فرۆشتووە، به‌ڵام له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا یەک كیلۆم به‌ 500 دینار داوه‌".

 

هاوكات مه‌هدی سدیق، فرۆشیارێكی سه‌وزه‌ و میوه‌یه‌، به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: "سنووری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ڕووی ئاو و هه‌واوه‌ بۆ به‌رهه‌می تەرۆزیی دێم زۆر باشه‌، چونكه‌ تەرۆزییه‌كه‌ ناسك و جوانه‌، پەسەندترینی ناوچه‌وی شاره‌زووره‌ و له‌ بازاڕدا خێرا ده‌فرۆشریت".

 

گوتیشی: "به‌یانیان من ده‌ڕۆم بۆ ناو‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان و به‌رهه‌می تەرۆزی له‌ ئه‌و جووتیارانه‌ ده‌كڕم، كه‌ ده‌یفرۆشن، كاتێكیش كڕیم، لێیان ده‌یبه‌م بۆ عه‌لوه‌ی سلێمانی، یاخود له‌ناو دوكانه‌كان‌ ده‌یفرۆشمه‌وه‌".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending