English | عربي

100 پزیشك له‌سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیارێك ده‌ده‌ن


100 پزیشك له‌سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ بڕیارێك ده‌ده‌ن

2019/06/30 | 13:25

(هەواڵ كوردستان)- ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پشتیوانی‌ ته‌ندروستی‌ بۆ كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان كۆده‌كاته‌وه‌و ئاشكراشیده‌كات، له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا 100 پزیشك به‌ڵێنیانداوه‌ به‌بێبه‌رامبه‌ر كه‌مئه‌ندامان له‌نۆرینگه‌كانیان ببینن.

كاستر مه‌عروف ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌بینای‌ یه‌كێتیی كه‌مئه‌ندامانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، “سه‌ره‌تای‌ هه‌وڵه‌كه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ گه‌رمیان و سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌و ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ستپێكردوه‌”.

ئاشكراشیكرد، “دوای‌ په‌یوه‌ندیكردنم به‌به‌ڕێوه‌به‌ره‌ ته‌ندروستیه‌كان تاوه‌كو له‌ڕێگه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ پزیشكه‌كان، سه‌ره‌نجام به‌سوپاسه‌وه‌ 100 پزیشك به‌ڵێنیانداوه‌ به‌بێبه‌رامبه‌ر خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان ببینن و چاره‌سه‌ریان بكه‌ن”.

ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، “ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ كردومانه‌ كارێكی‌ بچوكه‌و پێویسته‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌كاری‌ گه‌وره‌ترو خزمه‌تی‌ زیاتر بۆ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان هه‌ڵبسێت، چونكه‌ ئه‌وان زیاتر له‌كه‌سانی‌ ئاسایی پێویستیان به‌چاودێریكردنی‌ ته‌ندروستی‌ هه‌یه‌”.

سه‌باره‌ت به‌زانینی‌ ناوی‌ پزیشكه‌كانیش كاسترۆ وتی‌:”ناوی‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پزیشكانه‌ی‌ بڕیاریانداوه‌ به‌بێبه‌رامبه‌ر خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت ببینن، ئه‌مڕۆ به‌لیستێك ڕاده‌ستی‌ یه‌كێتیی كه‌مئه‌ندامان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بدرێت به‌كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان”.

لای‌ خۆیشیه‌وه‌ سامان حسێن سكرتێری‌ یه‌كێتیی كه‌مئه‌ندامانی‌ كوردستان له‌كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، “ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ڕێكخراوه‌كان هه‌وڵێكی‌ زۆریانداوه‌ بۆ ئه‌م پرسه‌، به‌ڵام ئه‌وكات به‌شێكی‌ كه‌می‌ پزیشكه‌كان چونه‌ ژێر ئه‌م باره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ خۆشحاڵین به‌و بڕیاره‌و سوپاسیان ده‌كه‌ین”.

ئه‌وه‌شی‌ وت:”له‌ڕێگه‌ی‌ گروپ و په‌یجه‌كانمانه‌وه‌ ناوی‌ ئه‌و پزیشكانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ تاوه‌كو هه‌موان له‌مرۆڤدۆستی‌ ئه‌و پزیشكانه‌ بگه‌ن و هه‌مانكاتیش زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ شوێنه‌كانیانه‌وه‌ بزانن”.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending