English | عربي

كه‌سایه‌تی و ڕووناكبیرانی هه‌ڵه‌بجه‌ بە كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم گه‌شبینن


كه‌سایه‌تی و ڕووناكبیرانی هه‌ڵه‌بجه‌ بە كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم گه‌شبینن

2019/07/01 | 23:15

(هەواڵ كوردستان)- یاساناسێکی شاری هه‌ڵه‌بجه: دڵنیام کابینەی مەسرور بارزانی کابینەی کار دەبێت و بە هێزەوە رووبەڕووی گەندەڵی دەبێتەوە

هاوشیوه‌ی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان، ڕووناكبیر و كه‌سایه‌تییه ‌دیاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ش، بۆچوونی ئه‌رێنییان به‌رامبه‌ر كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌و كابینه‌یه‌ هه‌یه‌، پێشیان وایه‌، مه‌سرور بارزانی ده‌توانێ ببێته‌ هۆی نه‌هێشتی گه‌نده‌ڵی و كوردستان به‌ره‌و باشتر ببات.

ڕۆژی 30ی ئه‌یلوولی 2018، هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان کرا و تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرترین كورسیی په‌ڕله‌مانی بەدەست هێنا، بۆیە پارتی وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م بە 45 کورسی، مه‌سرور بارزانیی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی نوێێ هه‌رێمی كوردستان کاندید كرد و پاش ناوزەد کردنی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانەوە، ڕاسپێدرا بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

چین و توێژ، ڕووناكبیر و كه‌سایه‌تییه‌كانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانن و پێیان وایه‌، ده‌توانێ خزمەتگوازریی باش پێشکەش بکات و گرفتەکانیش بەرەو چارەسەری بنەڕەتی بەرێت.

هۆشیار بیاوێڵه‌یی کە بە (هۆشیاری مینهەڵگرەوە) ناسراوە، كه‌سایه‌تیی دیاری هه‌ڵه‌بجه‌ و كوردستان، له‌باره‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ: "وه‌ك مینهه‌ڵگرەوەیەک و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كوردستان، له‌ كابینه‌ی نوێ، كه‌ كاك مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، سه‌د له‌ سه‌د دڵنیام و گه‌شبینم پێی، ئه‌گه‌ر ده‌ست نه‌خه‌نه‌ ئیش و كاری كاك مه‌سرور بارزانی، دڵنیام كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و كوردستانیش به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات، چونكه‌ پیاوێكه‌ له‌ مێژوو و خه‌بات و ماندووبوونی خه‌ڵكی كوردستان تێده‌گات، لە بنەماڵەیەکی ناوداری ماندوو و خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕی کوردستانە، بۆیه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م، كه‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ ده‌ست بخه‌نه‌ ناو ده‌ست و پشتگیریی كاك مه‌سرور بارزانی بكه‌ن تا حکوومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار بەڕێوە بەرێت".

هەروەها كارزان سه‌لام، یاساناسی شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌مباره‌یەوه‌ گوتی: "خه‌ڵك ئومێدێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كاك مه‌سرور بارزانی هه‌ڵچنیوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ر حزبێك هاتووه‌ته‌ ناو كابینه‌كه‌ی، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵیك پێوه‌ر و بنه‌ما بووه‌، كه‌ خه‌ڵكی به‌توانا به‌شدار ببێت، كۆمه‌ڵێك ئۆپشن بۆ هه‌ر وه‌زاره‌تێك هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌فائه‌ و توانایه‌، ده‌توانم بڵێم حزبه‌كانیش تا ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ڕێك که‌وتوون، ئه‌مه‌ تێستێكی تازه‌ و ئه‌رێنیییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كه‌سێكی پڕۆفیشناڵی ئه‌منییه‌وه‌ به‌ره‌و حكوومه‌تداری هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌ راوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بوو، به‌هۆی شاره‌زایییه‌وه‌ توانیی كوردستان له‌ كۆمه‌ڵێك مەترسیی ئه‌منی به‌تاڵ بكاته‌وه‌، بۆیه‌ دڵنیاشم وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بە هێزەوە ڕووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵی ده‌بێته‌وه‌ و به‌ سزاوه‌ نایهێڵێ، موجامه‌له‌ی میدیاییش له‌ كابینه‌كه‌ی زۆر كه‌م ده‌بێت، به‌ڵیندانی ناڕاست له‌لایه‌ن هه‌ندێ وه‌زیره‌وه‌ نامێنێت، به‌ مانای كه‌لیمه‌ كابینه‌ی كرداره‌ و كابینه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، بۆیه‌ پێی گه‌شبینین".

هاوكات م.

شوان نووری، مامۆستای زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر له‌ رووی ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌رێمایه‌تی و ناوخۆ، كوردستان چاره‌ نه‌كرێ، ئه‌سته‌مه‌ ئێمه‌ بتوانین بڵێین ئه‌م حكوومه‌ته‌ حكوومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، چونكه‌ كێشه‌ی بۆ دروست ده‌كرێت، به‌ڵام كه‌ توانیمان زامنی ئه‌م وه‌زعانه‌ بكه‌ین، به‌دڵنیایی ده‌توانین بڵێین حكوومه‌تێكی به‌هێز و سه‌ركه‌وتوومان ده‌بێت".

له‌باره‌ی كه‌سایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، ئه‌و مامۆستای زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی به‌و ه‌دا: "خودی كاك مه‌سرور بارزانی، كاندیدێكی به‌هێزه‌ و من قه‌ناعه‌تم وایه‌، حزبه‌كه‌یشی زۆر گرنگیی پێ ده‌دات، جێگه‌ی سه‌ر‌نجی هه‌موومانه‌ و هه‌موومان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ڕێزیان به‌ جۆرێكی دیكه‌ بێته‌ ناو رەوشەکەوە‌، به‌جۆرێك، هه‌ست بكه‌ین حكوومه‌تێكی به‌هێزمان هه‌بێت، بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه كه‌ كاك مه‌سرور بەوردی ئیش له‌سه‌ر دۆخی کوردستان‌ ده‌كات و ده‌یه‌وێت به ‌هێزێكی دیكه‌ بێته‌ ناو دۆخه‌كه‌، به‌ڵام له‌كۆتاییدا توانا و ده‌سه‌ڵات، لایه‌نی ئابووری و سیاسیی كوردستانی ئێمه‌ سنوورداره‌، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت نین و هه‌ریمێكی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تێكین".

به ‌پێویستیشی ده‌زانێت، كه‌ ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداریی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن‌: "شتی لاوه‌كی بخه‌نه لاوه‌ و بتوانن په‌یوه‌ندیێكی به‌هیز دروست بكه‌ن، بڕوای به‌هێزیان به‌ كابینه‌ی نوێ هه‌بێت و كار بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكرێت، كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات تۆراون".

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، حه‌كیم مه‌لا ساڵح، نووسه‌ر و شاره‌زا له‌ مێژوو، به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "زۆر دڵنیام كاك مه‌سرور بارزانی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، چونكه‌ ڕابردوویه‌كی سیاسیی هه‌یه‌، گوێم له‌ وته‌ی گرتووه‌، له‌ وته‌كانیدا باگراو‌ندێكی گه‌وره‌ی سیاسی هه‌یه‌ و دڵسۆزییه‌كیشی تێدایه‌، ئه‌و دڵسۆزییه‌ی باوكی بۆ خۆی وه‌رگرتووه‌ و چاوه‌ڕێی لێ ده‌كه‌ین هیمه‌تێكی زیاتر بنوێنێت و بتوانن ده‌رمانێك بۆ كێشه‌كان بدۆزنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری بكه‌ن، سه‌ردانكردنی بۆ لایه‌نه‌كانیش زۆر گرنگه‌ و من دڵم پێی خۆشه‌".

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانییانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ (باس)ی ڕاگه‌یاند: "به‌و پێیه‌ی، كه‌ ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی له‌به‌ردەست كابینه‌ی پێشووتردا هه‌بوون به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆن و له‌ هه‌مان كاتدا شه‌ڕی داعشیش نه‌ماوه‌، تاڕاده‌یه‌كیش قه‌یرانه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان هێور بوونه‌ته‌وه‌،‌ پێشبینی ده‌كه‌ین كابینه‌ی نوێ‌ جیاواز بێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌م كابینه‌یه‌دا‌ زیاتر گوێ له‌ داواكاریی قوربانییانی كوردستان به‌گشتی و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌تایبه‌تی بگیرێت و چاره‌سه‌ری گرفته‌كانمان بكرێت".

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending