هەواڵی کوردستان ئێستا

بەختیار سەعید: بەهۆی سكاڵایەكەوە بە حەوت دەقە دەمگرن و بەڵام سكاڵا لەسەر وەزیرێك هەیە دوو ساڵە كەس بانگی ناكات

بەختیار سەعید: بەهۆی سكاڵایەكەوە بە حەوت دەقە دەمگرن و بەڵام سكاڵا لەسەر وەزیرێك هەیە دوو ساڵە كەس بانگی ناكات
بەختیار سەعید: بەهۆی سكاڵایەكەوە بە حەوت دەقە دەمگرن و بەڵام سكاڵا لەسەر وەزیرێك هەیە دوو ساڵە كەس بانگی ناكات

2020-06-15 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لە هەولێر هەواڵی بڵاوبوونەوەی دەستگیركردنی ڕۆژنامەوان بەختیار سەعید لە لایەن ئۆتۆمبێلێكی هێزە ئەمنیەكانەوە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە كە وەك ئەو ڕۆژنامەوانە دوای ئازادكردنی بۆ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت پەیوەندی بە نووسین و ڕەخنەكانیەوە هەبووە.

لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ڕۆژنامەوان بەختیار سەعید دەڵێت "لە سەمونخانەی بەختیاری بووم بینیم ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە چەكداری دەمامكداری دژە تیرۆر هاتن پێیان گوتم تا دائیرە لەگەڵمان وەرە لە وێ كەوتنە پرسیاركردن لەگەڵم، ئەم بابەتە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە لە سوشیاڵ میدیا ڕۆڵێكی كاریگەرم هەیە و ڕەخنەی جدیم هەیە لەسەر هەموو لایەنەكان و ڕۆژنامەنووسێكی بێلایەنم ئەوان زۆر لە بابەتەكانی من بێزارن بابەتێك پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە زۆرترین قسەم لەسەر ئەم كابینەیە هەیە و باسی چاكسازی دەكەم."

ئەو ڕۆژنامەنووسە گووتیشی "ئەوەی دەنوسم بۆ خەڵكە یەك شتی شەخسیم نیە، خەمی خەڵكە، كێشەی خەڵكە، هەڵویستی خەڵكە، ژانی خەڵكە، برینی خەڵكە، نەبوونی و برسێتی و هەژاری و بێكاری و بێ مووچەییە، پێیان وابوو كە بابەتەكانی من جۆرێك لە هاندان و تەشهیری تێدایە و جۆرێكە لە دژی ئەزمون و حوكمڕانی،حزبی دەسەڵاتدان ئەمڕۆ زۆر لە سوشیال میدیا پەستن."

سەبارەت بەو بۆچوون و سەرنجانەی خەڵكانێك كە پێیان وایە گرتنی ڕۆژنامەوان بەختیار سەعید سیناریۆی دەسەڵاتە بۆ لادانی سەرنجی خەڵكە لەسەر ئەو چوارسەد ملیار دینارەی كە لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە و بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاشتاكیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان داناوە تێیدا داوای ئاشكراكردنی ئەو بڕە پارەیە دەكەن ؟

ڕۆژنامەوان بەختیار سەعید دەڵێت "خەڵك تێدەگات كە چوارسەد ملیار بە بە بەختیار ناشاردرێتەوە ئەوە پەیوەندی بە منەوە نیە بەختیار ئەوەندە ڕەقەمێكی زۆر گەورەیە بتوانێت سیناریۆیەكی وا ساز بكات موچەی ملیۆنێك و دووسەد هەزار كەس لەم كوردستانە كە دەكاتە واریداتی خەرجی چوار ملیۆن كەس ون بكات، دەتوانم بڵێم غاندیەكم لەم وڵاتە و دەتوانم شۆڕش بكەم، ئەگەر پارتی بیویستایە ئەم گەمەیە درێژەی پێ بدات منیشی دەهێشتەوە بۆ ماوەی پازدە، بیست ڕۆژ و ئەم هەڵایە لەسەر من زیاتر و گەورەتر دەبوو، نابێت ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی فێری سوكایەتی ببن بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە 70% ڕۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی خەریكی شەڕە جنێو و سوكایەتین بەیەك بۆیە ناتوانین ڕای گشتی دروست بكەین و پەیامێكی جدی بگەیەنینە سەركردایەتی سیاسی كورد پێیان بڵێن ئەمە حاڵەتەكەیە، پێم دەڵێن كاك بەختیار دەبێت بە زمانێكی زبر قسە لەگەڵ پارتی بكەی، بۆچی؟ پەیامەكەم پەیامێكی نەرمو نیانە لەسەر كێشە و گرفت و قەیرانەكانە و كەس هێڵی سوور نەبووە لەلای من و سوكایەتی بە كەس ناكەم، زۆر كەس هەیە لە گۆڕەپانەكە ڕایكرد لەبەر ئەوەی شەڕە جنێوی كرد و زۆر كەس هەیە وای لێهات لە سلێمانی گۆڤارەكەی فرۆشت لەبەر ئەوەی سوكایەتی بە خەڵكی دەكرد ئەمە ئیشی ڕۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی نیە".

سەبارەت بە ڕۆڵی سەنتەری میترۆ و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و دادگاكانی هەرێم لەسەر پرسی دەستگیركردنی ڕۆژنامەوانان لە نێویدا بابەتی بانگهێشتكردن یاخود دەستگیركردنی ڕۆژنامەوان بەختیار سەعید دەڵێت" سوپاسی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لقی سلێمانی دەكەم كە قسەیان لەسەر كردم، دەبوایە ئەوەی هەولێر قسەیان لەسەر كردبام و سەنتەری میترۆش ناوم لێ ناوە سەنتەری برادەران كێ برادەری خۆیان بێت دێنە سەر خەت و ئەگەر برادەری خۆیان نەبیت نایەنە سەر خەت، ڕۆژنامە و گۆڤاری ئازاد لەو وڵاتەدا بوونی نیە،ئەگەر سكاڵایەك لەسەر من بێت بە حەوت دەقە دەمگرن و دەیانەوێت دۆسێەكە بدۆڕێنیت بەڵام سكاڵا لەسەر وەزیرێك هەیە دوو ساڵە كەس بانگی ناكات سكاڵا بكە لەسەر ئەندامێكی سەركردایەتی حزبەكان بە پارتی و یەكێتی و گۆڕانەوە بە شەش مانگ كەس بانگی ناكات، ئەمە مانای ئەوە نیە هەموو دادوەرەكان وان دادوەری بە ویژدان لەم شاری هەولێرە هەیە ئامادە نییە یەك شت ئیمزا بكات ئەگەر ڕاست و ویژدان نەبێت".

لە میانەی وتووێژەكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا ئەو ڕۆژنامەوانە دەڵێت" تا ئەم دەقەیە ئاگادارم مەسرور بارزانی سوورە لەسەر چاكسازی و هەر دەڵێ ڕێگری هەیە لەبەردەمم، ڕێگریەكان دیارن بەپێی دەستەواژەكان و قسەكانی بێت ڕێگریەكان یەكێتی و گۆڕانن هیوادارین یەكێتی و گۆران وڵامی مەسرور بارزانی و منیش بدەنەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە: