English | عربي

هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی تێدەپەڕێنێت


هەرێمی کوردستان قەیرانی دارایی تێدەپەڕێنێت

2019/07/05 | 16:40

(هەواڵ كوردستان)- بەرپرسێک: چاوەڕوان دەکرێت دۆخی ئابووری له‌ 5% گه‌شه‌ بکا

لە ساڵی 2014 بۆ ساڵی 2018، هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی سەختی دارایی بووەوە، مووچەی فەرمانبەران نەدرا، پاشان پاشەکەوتی مووچە دروست بوو، قەرزێکی زۆر کەوتە سەر حکوومەت، زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژە راگیران، بەڵام لە ساڵی 2018وە بەدواوە، خەریکە کوردستان ئەو دۆخە تێدەپەڕێنێت و ئومێدێکیش دروست بووە، کابینەی نوێ دۆخەکە باشتر بکا.

زاگرۆس فەتاح، بەرێوەبەری گشتیی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانان‌ بە (باس)ی راگەیاند، بە ئاساییبوونه‌وه‌ی دوخی ئابووری، چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی کوردستان نزیکه‌ی له‌ 5% گه‌شه‌ بکات.

گوتی: "ئەو بڕە پارەیەی بۆ پرۆژەکان ته‌رخان ده‌کرێن، دەرفەتی کارکردن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکەن،هەروەها خواست له‌سه‌ر کاڵاکانی بیناسازی وخزمه‌تگوزاری و توانای مرۆیی، لە ئەنجامی جووڵە لە بازاڕ، زیاد ده‌بێت”.

به گوته‌ی زاگرۆس، تا پێش قه‌یرانی دارایی، له 6% زیاتر بوو.

له‌ ئاداری 2018 رێژه‌یه‌ک‌ له پاشه‌که‌وتی مووچه ده‌ستکاری کرا و له‌ مانگی ئاداری 2019 به‌ته‌واوه‌تی پاشه‌که‌وت هه‌ڵگیرا، جووڵه‌یه‌ک له رووی بیناسازی و کڕین و فرۆشتنی موڵک و ماڵ وهاتنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و کۆمپانیایانەی که کوردستانیان به‌جێ هشتبوو دروست بووه.

سه‌لام فه‌قێ، خاوه‌نی کۆمپانیای خانووبه‌ره‌ی حاجی سه‌لام، ئاماژە بەوە دەدا کە سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و نه‌هێشتنی سیسته‌می پاشه‌که‌وت و پێدانی پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران بوونەته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی جموجوڵی زیاتری بازاڕی موڵک و ماڵ.

فه‌قێ، پێی وایه په‌ره‌پێدانی که‌رتی گه‌شتیاری و چالاکبوونی بانکه‌کان، له‌وانه هاتنی بانکه‌کانی بیانی و سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌کی له ئه‌نجامه‌کانی ئاساییبوونه‌وه‌ی دوخی ئابووری، چالاکانە دەتوانن گەشە بە ئابووریی هەرێم بدەن.

مه‌لا یاسین مه‌حمود، گوته‌بێژی یه‌کێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، نیشانه‌کانی بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی کوردستان ده‌رکه‌توون، گوتی: "بە باشی دەزانین کە چوارچێوەی یاسایی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای تێکه‌ڵاو و هاوبەش لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت له‌ هه‌رێمی کوردستان بەهێزتر بکرێت، که له‌ زۆر له‌ وڵاتان بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری رۆڵی کارایان بینیوە.

هەروەها پێی باشە یاسای کار و ده‌سته‌به‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پاراستنی مافی فەرمانبەرانی کەرتی تایبەت هەموار بکرێت".

زاگروس فه‌تاح، به ئاماژه‌دان به ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ جێبه‌جێکردنی پڕۆژه‌کان گوتی: "هه‌ندێ به‌ڵێنده‌ر، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، زیاتر له 300 پرۆژه‌یان ته‌واو کردووه، که 50 پرۆژه به شێوه‌ی قه‌رز جێبه‌جێ کراون".

زیاتر گوتيشی: "به‌ر له قه‌یرانی دارایی، زیاتر له ‌3 هەزار و 500 پرۆژه‌ به به‌های چوار ملیار دۆلار له‌ جێبه‌جێکردندا بوون، ئێستا وەزارەتی پلاندانان ئامادەکاریی بۆ ته‌واوکردنی ئەم پرۆژانە له‌ زووترین کاتدا کردووە".

وەک نوێنەری کەرتی تایبەت، سه‌لام فه‌قێ، ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی پرۆژه‌کان به‌ سه‌ره‌تای بوژانه‌وه‌ی ئابووریی کوردستان و ره‌خساندنی هه‌لی کار ده‌زانێت و پێشی وایه: "به‌ڵێنده‌ران بۆ بوژانه‌وه‌ی‌ ئابووری، سێکته‌رێکی گرنگی وڵاتن و بوژانه‌وه‌ی به‌ڵێنده‌ران، بوژانه‌وه‌ی وڵاته، به‌ڵێنده‌ر هه‌لی کار له‌ بواری خانووبه‌ره‌، له‌وانه له‌ هێزی کار بگره تا ده‌گاته که‌لوپه‌لی بیناساری، ده‌ڕه‌خسێنێت".

به گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پلانی پرۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2015 بڕی 200 ملیۆن دۆلار و ساڵی 2016 بڕی 100 ملیۆن دۆلار و ساڵی 2018 بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخان کرا و تا ناوەڕاستی 2019، (100) ملیۆن دۆلاری دیکه‌شیان بۆ دابین کرا.

زاگروس فه‌تاح پێی وایه،‌ له ساڵی 2019 هۆکاری سەرەکی بۆ گەشەی ئابووریی هەرێم له‌به‌رده‌سته و به دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان، وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌وه‌شی گوت: "له‌ پلانیان دایه 30 پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژی له‌ که‌رته‌کانی کارەبا، رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، دروستکردنی بەنداو و سێکتەری نەوت جێبه‌جێ بکه‌ن".

مەلا یاسین مەحمود، پێی وایه سەرمایەی بەگەڕخراو له‌ پرۆژه‌کانی خانووبه‌ره تا ساڵانی 2013‌، که چه‌ند ملیار دۆلارێک بوو، تا ئەندازەیەک لەو ماوەی دواییدا مردبوو، به‌ڵام ئێستا ئەو سەرمایەیە بەهێواشی دەستی بە جووڵە کردووەتەوە.

چاودێران و شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، کابینه‌ی داهاتووی حکوومه‌تی هه‌رێم کاریگه‌ریی باشتری دەبێت بۆ سەر کەرتی ئابووری و دارایی و هەڵسانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان.

ئیدریس رەمەزان، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئابووری بە (باس)ی راگەیاند، کابینەی داهاتوو بۆ ئابووری ئومێدبەخشە، گوتی: "لە کابینەی نوێدا ئابووری بەرەو ئاسۆیەکی باش دەڕوات، چونکە سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێ، ئەزموونێکی سەرکەوتووی لە سەقامگیریی ئاسایشدا هەیە، ئەو ئەزموونە وا دەکات زیاتر گرنگی بە ئابوورییش بدات، چونکە خەمخۆرێکی باشی ئابوورییە".

زیاتر گوتیشی: "چاوەڕوانین ئابووریی کوردستان بە رێژەیەکی باشتر گەشە بکات، بەڵام پێویستی بە کاتە بۆ دەستەبەرکردنی ئەو گەشەکردنە، چونکە ئێستاش هەرێمی کوردستان کاریگەریی قەیرانی بەسەرەوە ماوە".

گوته‌بێژی یه‌کێتیی وه‌به‌رهێنه‌رانی کوردستان روونی دەکاتەوە، ئومێدیان بە کابینەی داهاتووە، کەرتی تایبەت و ئابووری بباتە پێشەوە، گوتیشی: "ئێمەش پڕۆژەیەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئامادە کردووە و پێشەکەشی حکوومەتی داهاتووی دەکەین".

جەختیشی کردەوە، پێشبینی دەکەن تاوەکوو چوار ساڵی داهاتوو وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان 50 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending