English | عربي

پەرلەمانتارێکی ئێزدی: چەندین گرووپی چەكداری سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگالدان


پەرلەمانتارێکی ئێزدی: چەندین گرووپی چەكداری سەر بە پەكەكە و حەشدی شەعبی لە شنگالدان

2019/07/06 | 17:10

(هەواڵ كوردستان)- "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تەعریبێكی دیکە لە ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەچێت"

د.

خالیدە خەلیل رەشۆ، پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لەسەر لیستی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، قسە لەبارەی دۆخی ئێزدییەكان و پرسی شنگال و كێشەكانی دیکە دەكات.

راشی دەگەیەنێت، شنگال و ناوچە كوردستانییەكان نائارامن و خەڵكی بیانی و گرووپی چەكداریی بیانییان تێدایە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەکە، خەڵكیش ناتوانێت بگەڕێنەوە.

ئاشكرای دەكات، 200 هەزار كوردی ئێزدی لە كەمپەكاندان و 3هەزاریشیان تاوەكوو ئێستا شوێنبزرن.

د.

خالیدە، كە بەهۆی ئەوەی هەڵەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هەبوو، كەسێكی دیکە لەجێی ئەو داندرابوو، دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی، مافی پەرلەمانتاریی بۆ گەڕایەوە، گوتی: "لە 12ی 5ی 2018 دەرچووبووم، بەڵام هەڵەیەك لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا هەبوو، كەسێكی عەرەب لە لیستی جەماهیری عەرەبی، لە شوێنی من داندرابوو، دوای سكاڵاكردن لە دادگای فیدڕاڵی، مافی خۆم وەرگرتەوە و لە كۆتاییەكانی مانگی رابردوودا وەكوو پەرلەمانتار دەستم بە كار كرد".

گوتیشی: "بێ هیوا نین لەوەی بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و رێكخراوە كۆمەكبەخشەكانی دونیا، شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی دۆخی شنگال خراپە، بە تایبەت لە رووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، بۆیە خەڵكێكی زۆر كەم گەڕاونەتەوە و تا ئێستا ئاوەدان نەكراوەتەوە".

ئەو پێی وایە، تاوەكوو ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، كێشەی شنگال و ناوچە كوردستانییەکان بە چارەسەرنەكراوی دەمێننەوە، گوتیشی: "شنگال و ناوچە كوردستانییەكان نائارامن و خەڵكی بیانی و گرووپی چەكداری بیانییان تێدایە، ئەگەر پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، بەتایبەت بۆ شنگال، ئەوا خەڵكی ئێمە ناتوانن بگەڕێنەوە، چونكە ئارامی و ئاسایشی تێدا نییە، مەرجی گەڕانەوەی خەڵك بەندە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە".

روونیشی دەكاتەوە، دەیان گرووپی چەكدار لە شنگالدان و دۆخەكەیان ئاڵۆز کردووە، دەشڵێت: "چەندین گرووپی چەكداری سەر بە پەكەكە هەیە، لەگەڵ چەند گرووپێكی تری حەشدی شەعبی و عێراقی، ئەو گرووپانە خەڵكی بیانین و بە ناوچەكە نامۆن، تاوەكوو ئەو گرووپانە نەچنە دەرێ، ناتواندرێت باسی ئاوەدانكردنەوەش بكرێت، چونكە دەبێ ئارامی هەبێت بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێ بگەڕێتەوە، پەكەكە بۆ مەرامی سیاسی لە شنگال خۆی سەپاندووە و دەستوەردانی سیاسی دەكات، ئەو هەرگیز خزمەت بە ئێزدییان ناكات".

ئەو لەپاڵ دەرچوونی ئەو گرووپانە و گەڕانەوەی ئارامی، پێشی وایە، دەبێت لە رووی كۆمەڵایەتییشەوە دۆخێكی باشتر دروست بكرێت: "چونكە داعش كێشەی زۆری لەنێوان عەرەب و ئێزدییەكان دروست كردووە، دەبێ ئەو دۆخە ئاسایی بكرێتەوە".

د.

خالیدە جەخت دەكاتەوە، سیاسەتی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكان بە شێوازێكی دیکە بەردەوامە، گوتی: "ئەگەر سەیر بكەین، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تەعریبێكی دیکە لە ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە دەچێت، بۆ نموونە، خەڵكی كورد لەنێو موڵك و ماڵی خۆیدایە، خەڵكی دیکە دێن بە ئەوراقی ساختە دەڵێن ئەوە موڵكی ئێمەیە، لە كەركووك و شنگال دۆخەكە بەم جۆرەیە و ئەگەر چارەسەرێك نەكرێت خراپتر دەبێت".

روونیشی دەكاتەوە، دۆخی شنگال باش نییە، بە تایبەت لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، چونكە پێشووتر پێشمەرگە توانیبووی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە بپارێزێت، بەڵام ئێستا خەڵك لە دۆخێكی خراپدایە.

ئەو پەرلەمانتارە راشی دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراقی لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال خەمسارد بووە، گوتشی: "بەدڵنیایی حكوومەتی عێراقی خەمسار بووە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، ئەگەر حكوومەتی عێراق خەمسارد نەبوایە، دۆخەكە بەم جۆرەی لێ نەدەهات".

خالیدە رەشۆ، جەخت دەكاتەوە، زۆر خەڵكی ئێزدی لە كەمپەكان ماون، گوتیشی: "زیاتر لە 200 هەزار كوردی ئێزدی لە كەمپەكانن و نەگەڕاونەتەوە شنگال، هەروەها 3 هەزارئێزدیش تاوەكوو ئێستا بێ سەروشوێنن، هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە چارەنووسی ئەوان ئاشكرا بكرێت و بگەڕێندرێنەوە، نازانین ئەوانە لە سووریان یان لە عێراقن".

ئەو پەرلەمانتارە ئێزدییە باس لە دۆخی عێراق دەكات و دەڵێت: "لە عێراق گەندەڵییەكی زۆر و بەربڵاو هەیە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت، ئەوا عێراق بەرەو مەترسیی گەورە دەبات، دەبێ دۆخی ئاسایش و خزمەتگوزاری باش بكرێت، هەروەها ئێستا مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا هەیە و دەبێت بەغدا و هەرێمی كوردستان پێكەوە كار بكەن بۆ زاڵبوون بەسەر داعش و فكری داعشدا".

لەبارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، د.خالیدە گوتی: "نزیكەی 70 گۆڕی بەكۆمەڵی كوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری هەن و هەڵنەدراونەتەوە، هۆكاری هەڵنەدانەوەی ئەو گۆڕانەش، نەبوونی ئارامی و ئاسایش بووە لەو ناوچانە".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending