English | عربي

کرمانج عەبدوڵڵا: داعش لە مەخموور ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەکات


کرمانج عەبدوڵڵا: داعش لە مەخموور ئامادەکاری بۆ کردەوەی تیرۆریستی دەکات

2019/07/07 | 18:40

(هەواڵ كوردستان)-

مەخموور- KDP.info - بەرپرسێکی قەزای مەخموور ئاشکرای کرد، زانیاری ھەیە چەکدارانی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ کردەوەی تیرۆریستی و دەشڵێت، ھیچ ھەماھەنگییەک نییە بۆ لێدانی داعش، بەڵام ھەرێم و بەغدا نزیک بوونەتەوە لە ئاساییکردنەوەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان.

کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی زانیاریی ئێمە چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور خەریکی خۆڕێکخستنەوەن، جگە لەوەی پێشتر و ئێستاش داعش بەردەوامە لەسەر زیادکردنی جووڵەکانی، بەڵام ئێستا زیاتر لە پێویست کەوتوونەتە خۆئامادەکردن و کۆکردنەوەی چەکدارەکانی، بێگومان ئەو خۆئامادەکردنەوەیەی داعش لە سنووری مەخموور بۆ کردەوەی تیرۆریستی و ھێرشکردنە، پێمان وایە دەیانەوێ لە دەرفەتێکدا دەستی خۆیان بوەشێنن."

دەربارەی ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ لێدانی داعش، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆخ دەڵێت: "ھیچ ھەماھەنگییەکی ئەوتۆ لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا نییە، ئەگەر بێت و کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێن و ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور جێگیر نەکرێت، مەترسی لەسەر قەزای مەخموور ھەیە."

کرمانج عەبدوڵڵا گوتی: "ئاساییکردنەوەی ڕەوشی مەخموور بۆ پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر پەیوەستە بەو لیژنەیەی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادا کار دەکەن و  لە ھەندێ ڕووەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەوەی لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوە بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکرێن و کۆتایی بە ڕەوشی ئاڵۆزی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێت."

قائید میرۆ

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending