English | عربي

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا زانیاری نوێ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات


جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا زانیاری نوێ له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

2019/07/08 | 21:50

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرایده‌كات، چەند کۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامدراون، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بەڵێنێکی گەڕانەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە نەدراوە, هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیش دەڵێت: بەغدا لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوك جددی نییە و ئەوەی ئێستا لەو پارێزگایه‌ هەیە تەنيا دۆخی وەستاندنی شەڕه‌.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ـی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان گوتی: تا ئێستا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام دراون.

شێخ مسته‌فا گوتیشی: تا ئێستا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند لێژنه‌یه‌ك پێكهێنراون، كه‌ خۆیان له‌ لێژنه‌یه‌كی باڵا و 5 لێژنه‌ی لاوه‌كیدا ده‌بیننه‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا یەکێك لەو بابەتانەی پەیوەستکراوە بە ئاساییبوونەوەی دۆخی کەرکوك، هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کوردە بۆ ئەو شارە، بەڵام وەك رێبوار تاڵه‌بانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوك جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، دۆخی ئێستای کەرکوك دۆخی راگرتنی شەڕە و لایه‌نی عێراقی جدی نییه‌ له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و شاره‌.

تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، كه‌ تێیدا دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ 5 لێژنه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكهێنراون، به‌ڵام هیچ له‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌و لێژنانه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستییه‌، هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك له‌و دۆسییه‌ نه‌كراوه‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، به‌غدا هه‌رگیز پابه‌ند نابێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، ئێستا هێز به‌ده‌ست به‌غداوه‌یه‌ و وه‌ك باویشه‌، هه‌ر لایه‌نێك هێزی به‌ده‌سته‌وه‌ بێت، به‌ ئاسانی ناهێته‌ پێشه‌وه‌.

بە گوێره‌ی زانیارییەکانی کوردستان ٢٤, لە ماوەی رابردوودا چەند پێشنیازێك لە بارەی دۆخی ئەمنی کەرکوکەوە خراونەتە ڕوو، لەوانە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق, یانيش پێکهێنانی هێزێکی تایبەت بە پاراستنی دۆخی کەرکوك, کۆتا پێشنیازیش کە لە کۆبوونەوەی دواییدا خراوەتە روو, بریتی بووە لەوەی کە هەموو هیزەکان لە کەرکوك بکشێنەوە و تەنيا پۆلیس لەو شاردا بمێنێته‌وه‌، هەرچی دەوروبەری کەرکوکیشە لە ناوچە عەرەبییەکاندا, سوپای عێراق و لە ناوچە کوردنشینەکانیش هێزی پێشمەرگە بیپارێزێت.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending