English | عربي

بەرپرسێکی یەکێتی: بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کاتمان پێویستە


بەرپرسێکی یەکێتی: بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان کاتمان پێویستە

2019/07/09 | 13:40

(هەواڵ كوردستان)-  

بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی لێژنەیەکی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە سیڤییان پێشکەش کردووە بۆ بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، پێکهێناوە..

 

جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بۆ یەکلاکردنەوەی ناوی ئەو کەسانەی سیڤیان پێشکەش کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستی بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و فەرماندە سەربازییەکان کە بەرکەوتەی یەکێتین لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەکتەبی سیاسی لێژنەیەکی پێکھێناوە، بۆ ھەر پۆستێکیش زیاتر لە کاندیدێک ھەیە، بۆیە یەکلاکردنەوەی کاتی پێویستە".

 

دەربارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ بریکاری وەزارەتی ناوخۆ کە پشکی یەکێتییە، ناوبراو ڕای گەیاند: ”رەنگە من خانەنشین بکرێم، بەڵام تا ئێستا ھیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئەوانەی باس دەکرێن تەنھا ناوە و ھیچیتر“.

 

جەلال شێخ کەریم ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "مەرج نییە راستەوخۆ دوای دەستبەکاربوونی وەزیری تازە، بریکارەکەشی دەست بەکار بێت، چونکە وەزیر پۆستێکی سیادی و سیاسییە و دەبێ لە پەرلەمان متمانەی پێبدرێت و سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام بریکاری وەزیر لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە فەرمانی بۆ دەردەکرێت".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending