English | عربي

چاودێریی دارایی داوای ئەو گرێبەستانە دەكات كە پارەیان تێدا خەرج كراوە


چاودێریی دارایی داوای ئەو گرێبەستانە دەكات كە پارەیان تێدا خەرج كراوە

2019/07/09 | 15:15

(هەواڵ كوردستان)-  

بەپێی نووسراوێكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 10ی 6ی 2019 دەرچووە و كۆپییەكی ئەو نووسراوە دەست (باس) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە، دەبێ ئەو گرێبەستانەی دەکرێن، لە لایەن دامودەزگاكانی حكوومەت بۆ دیوانی چاودێریی دارایی بنێردرێن.

لەو نووسراوەدا، كە بۆ ئەنجومەنی وەزیران نێردراوە ئەوەش خراوەتە ڕوو، سەبارەت بە ناردنی گرێبەستەكان بۆ دیوانی چاودێریی دارایی هەڵە تێگەیشتن هەیە و هەندێك گرێبەستیان بۆ دەنێرن، ماوەیان بەسەر چووە، یان هەیە پێویست بە ناردنیان ناكات.

دیوانی چاودێریی دارایی جەختی كردووەتەوە، بەپێی دوو ماددە لە یاسای ژمارەی 2ی دیوانی چاودێریی دارایی، دەبێ بەڵگەنامە و دۆسێ و گرێبەستەكانیان بۆ بنێرن، هاتووە: "لە ماددەی 11 لەو یاسایەدا، دیوان مافی ئەوەی هەیە وردبینی لە هەموو ئەو بەڵگەنامە و دۆسێی مامەڵە ئاشكرا و نهێنییانە بکات کە پەیوەندییان بە كاری داراییەوە هەیە".

ئەوەش خراوەتە ڕوو: "دیوانی چاودێریی دارایی دەسەڵاتی هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ كاروباری گرێبەستی گشتی و یارمەتی و بەخشش و قەرز و ئاسانكارییەكانی حكوومەت هەیە، بۆ دڵنیابوون لە چۆنیەتیی خەرجكردنیان".

دووپاتیش كراوەتەوە، دەبێ هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت ئەو گرێبەست و قەرز و بەخششانەی دەستیان دەكەوێت، لە ماوەی مانگێكدا بۆیان بنێرن.

چاودێریی دارایی ئاشكرای كردووە، دەبێ دامودەزگاكان هەموو ئەو گرێبەستانەیان بۆ بنێرن كە بۆ گەنجینەی حكوومەت گرنگن، لەوانە گرێبەستەكانی (بەشداریكردن و سپاردنی ئەرك بە كەرتی تایبەت، هەروەها كڕین و فرۆشتنی ئامێر و كەلوپەل، لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان، ئەو كڕینە لەسەر بودجەی حكوومەت بێت یان بودجەی قەرز و بەخشین".

وێڕای ئەو گرێبەستانە، داوا كراوە لە ئایندەدا گرێبەستی فەرمانبەرانی كاتی، یاخود بەكرێگرتنی خانوو و كۆگا و كافتریای نەخۆشخانەكان پێشكەش بەو تیمانە بكرێت، كە سەردانی دامودەزگاكان دەكەن.

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لە 27ی 6ی 2019 نووسراوێكی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان ناردووە، بۆ جێبەجێكردنی نووسراوەكەی چاودێریی دارایی.

خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بە (باس)ی گوت: "بەپێی یاسا، چاودێریی دارایی بەشێوەیەكی رەها مافی ئەوەی هەیە داوای زانیاری لەسەر گشت گرێبەست و دۆكیۆمێنت و دۆسێی ئاشكرا و نهێنیی كار و چالاكییەكانی حكوومەت بكا".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending