English | عربي

وتەبێژی یەکەکانی حەفتا: مەکتەبی سیاسی شوێنەکەی شێخ جەعفەر پڕدەکاتەوە


وتەبێژی یەکەکانی حەفتا: مەکتەبی سیاسی شوێنەکەی شێخ جەعفەر پڕدەکاتەوە

2019/07/10 | 16:35

(هەواڵ كوردستان)- مستەفا چاوڕەش و حامیدی حاجی غالی کاندیدی بەهێزی پۆستەکەن

گوتەبێژی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پۆستەکەی شێخ جەعفەر پڕ دەکرێتەوە.

عەمید ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی ٧٠، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ڕاستە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کاندید کراوە، بەڵام مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە بڕیار دەدات کە کێ دەکات بۆ فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگە“.

ڕوونیشی کردەوە، تاوەکوو ئێستا ”نازانین“ کێ بۆ پۆستی یەکەکانی ٧٠ دەستنیشان دەکرێت، بەڵام ئەگەر مەکتەبی سیاسی ھەر کەسێک بۆ ئەو پۆستە دابنێت، ”ئێمە ھیچ کێشەیەکمان نابێت“.

ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی یەکەی ٧٠ی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا، مەرج نییە ئەو کەسەی دەبێتە فەرماندەی یەکەکەیان، ئەندامی سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بێت، بەڵام ”ئەوەی گرنگە پڕکردنەوەی ئەو پۆستەیە، بێگومان چاوەڕێ دەکەین مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەو پۆستە پڕبکاتەوە“.

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ھەریەک لە مستەفا چاوڕەش و حامیدی حاجی غەلی، ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ پۆستە کاندید دەکات، هەرچەندە مەحموود سەنگاویش لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستەکە دایە.

پێشتر مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە هەر کاتێک شێخ جەعفەر بۆ کارێک دەرچووبێت، یەکەی حەفتا ڕادەستی ئەو کراوە و نەیشاردەوە کە لە حاڵەتی وەرگرتنی پۆستە تازەکە لەلایەن شێخ جەعفەرەوە، پۆستەکە ڕادەستی ئەو دەکرێت.

هۆشداریی ئەوەشی دا کە ئەگەر هەر کەسێکی دیکە لەو پۆستە دابنرێت، ئەوا ”قسەیەکی دیکەمان دەبێت“.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending