English | عربي

پارتی و یەکێتی ئەندازیار تەیب جەباریان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید کرد


پارتی و یەکێتی ئەندازیار تەیب جەباریان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید کرد

2019/07/11 | 12:50

(هەواڵ كوردستان)-

 

کەمێک لەمەوبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندیدکردنی ئەندازیار (تەیب جەبار)یان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ڕاگەیاند.

لە میانی پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشدا کە دوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجام درا، قادر حەمەجان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای پشتیوانیکردنی لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد.

ھاوکات ڕای گەیاند: "خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە کە بە یەکڕیزی ئاوڕیان لێ بدەینەوە، ھیوادارم ھەموومان پێکەوە ھەنگاوی جددی بنێین".

لەﻻیەن خۆشیەوە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد بەبۆنەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەم کە بە سەرکەوتوویی پێکھێندراوە، ھاوکات پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان کرد و ھیوای خواست ئەو متمانەیەی خەڵک پێی داون، لە شوێنی خۆیدا بەکار بھێنن.

لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکووک و ڕێککەوتنیان، گوتەبێژی پارتی گوتی: "پرسی کەرکووک بارێکی نائاسایی ھەبووە، کۆمەڵێک رێکاری نایاسایی ھەبووە ھەردووﻻمان لەو باوەڕەدابووین کە گۆڕانکاری لە ئاساییکردنەوە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکان و دانانی پارێزگار بکرێت.

لێژنەکانی ئاساییکردنەوە گەیشتوونەتە ئەنجامی باش و لەوانەیە لەم رۆژانە چاککردنەوەی ھەندێک بابەت رادەگەیەندرێت.

نەقسێک ھەبوو کە پڕی بکەینەوە ئەویش ئامادەبوونی ھەموو ﻻیەنەکان و پێکھاتەکان لە بابەتی پارێزگای کەرکووک بوو، لە میانی ئەو سیڤییانەی کە کۆمەڵێک کەسایەتیی تێکۆشەری پارێزگاری کەرکووک ھێنابوویان و ئامادەبوون خزمەتی کەرکووک بکەن، لێژنەیەک دیراسەی دۆخەکەی کرد، لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەوەی کە پێوەر بۆ دانانی پارێزگار دابنرێت، ھەموویان خەڵکی باش بوون و خۆشحاڵ بووین کە ئەو کەسە باشانە ھەبوون، بۆیە لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێیان باشە کە ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین وەکوو پارێزگاری داھاتووی کەرکووک رۆڵی خۆی ببینێت".

جەختیشی کردەوە کە لەگەڵ بەغدا و ﻻیەنەکانی کەرکووکیش لەمبارەیەوە گفتوگۆ دەکەن و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و دانانی پارێزگارێک بۆ شارەکە بە ھاوتەریب دەچنە پێشەوە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending