English | عربي

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە

2019/07/11 | 21:20

(هەواڵ كوردستان)-

ئەمڕۆ پێجشەممە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا هەواڵێكی هەندێك لە میدیاكانی لەبارەی پرۆسەی دانانی پێوەری ئاو و خوێندنەوەی پێوەرەكەوە رەت كردەوە.

لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە "چەند میدیایەك زانیاریی وەهایان بڵاو كردووەتەوە كە پرۆسەكە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا نیە، بەڵام ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی دەكەینەوە كە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و بژێوی ژیانیان، هەروەها بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی ئاو و دابەشكردن و گەیشتنی ئەو خزمەتگوزاریە سەرەكیەی ژیان بۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بە شێوەیەکی یەکسان، پرۆژەی دانانی پێوەری ئاومان پێباشترین ڕێگەچارە بووە، بۆیە دوای جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی دانانی پێوەری ئاو لە ماوەی زیاتر لە ساڵێك كە ڕێژەكەی گەیشتە زیاتر لە 80%، لە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەدا ئاگاداری هاووڵاتیانی كوردستانمان كرد، لە ماوەیەكی دیاریكراودا دەست بە خوێندنەوەی پێوەری ئاو دەكرێت و هەموو بەكارهێنەرانی ئاوی خواردنەوە بەپێی ڕێژەی بەكارهێنانەكەی پارەی لێ‌ وەردەگیرێت، ئاگاداریشمان كردنەوە هەر كەسێك پێوەری ئاو لەو ماوە دیاریكراوەدا نەبەستێ، دووچاری پێبژاردن دەبێتەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی وادەكەش كە 1ی تەمووزی 2019 بوو، بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی كوردستان دوو مانگی دیكە وادەكەمان درێژ كردەوە".

هەروەها دەڵێن "بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە پارەیەکی زۆریان بۆ هاتووەتەوە و گومانیان لە پسولەی ئاوەکەیان هەیە، جارێكی دیكە ئاگاداریان دەكەینەوە لەوەی دەتوانن لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكەیان بۆ بكرێت".

پرۆژەی بەستنی پێوەری ئاویش یەكێ‌ لە پرۆژە سەركەوتووەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و وەزارەتی شارەوانیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ‌ كراوە، ئەو پارەی كە هاووڵاتیان بۆ بەستنی پێوەرەكەش داویانە، مانگانە دوای ئەژماركردنی ئەو ئاوەی بەكاریان هێناوە، پارەیەكی كەمتریان لێ وەردەگیرێت وەك قەرەبوویەك بەرامبەر پارەی پێوەرەكەیان كە بۆ بەكارهێنانی ئاو داندراوە، هاوکات پرۆژەکە لەپێناو ئەوەیە هاووڵاتیان زیاتر پارێزگاری لە سامانی ئاو بکەن، لەبەرئەوەی سامانێکی بە نرخی نیشتیمانیە، ئێمەش هەوڵ دەدەین هاووڵاتیانمان بەشداری پێ‌ بكەین لە پاراستنی ئەو سامانە، هاوكات ڕایانبهێنین لەوەی ئاو بەقەد پێویستی خۆیان بەكاربێنن بۆ ئەوەی هەمووان ئاویان هەبێ‌ و كێشەی بێ‌ ئاویش كەم بێتەوە، بۆیە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو بڕیارە بن كە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن ئەنجوومەنی شوراوە پەسەند كراوە".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending