English | عربي

گەردوونناسێكی كورد داوای گۆڕینی كتێبەكانی خوێندن دەكات


گەردوونناسێكی كورد داوای گۆڕینی كتێبەكانی خوێندن دەكات

2019/07/11 | 22:55

(هەواڵ كوردستان)-

گەردوونناسێكی كورد كە ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسانی ویلایەتی تێکساسی ئەمریكایە، داوای گۆڕینی چەند كتێبێكی خوێندنی پەروەردەی هەرێمی كوردستان دەكات، لەبەرئەوەی زانیاریی كۆن و هەڵەیان تێدایە لەبارەی گەردوونەوە.

لوقمان حەوێز گەردوونناسێكی كوردی نیشتەجێی ئەمریكایە و دانەری دوو كتێبە بە ناوەكانی (گەردوون) و (فرەوان بیر بكەوە)، لە وتارێكیدا بە ناونیشانی (پێویستە زانیاری ناو کتێبەکان بگۆڕین)، ئاماژەی بەوە داوە كە لە نێو زۆربەی كتێبە زانستیەكانی خوێندنی هەرێمی كوردستاندا زانیاریی كۆن و هەڵە لەبارەی گەردوونەوە هەیە.

لوقمان حەوێز وتارەكەی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵیەتیی (فەیسبووك)دا بە زمانی كوردی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی "تا بەر لە 15 بۆ 20 ساڵیش بەپێی لێکدانەوەکانمان، واماندەزانی لە هەموو گەردوونی بینراودا نزیکەی 100 ملیار گەلەئەستێرە هەن، واتە سەد هەزار ملیۆن گەلەئەستێرە، بەڵام لێکدانەوە نوێیەکانی ئێستە دوای لێکۆڵینەوەکانمان لە وێنەکانی تەلەسکۆپی هابڵ، پێمان دەڵێ لایەنی کەم دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەن لە گەردوونی بینراودا، بە تایبەتی دوای لێکۆڵینەوە لە هەردوو وێنەکانی Deep.Hubble.Field لەگەڵ Deep.Hubble.Legacy".

دەشڵێ "ژمارەی ئەستێرەکانی ناو هەر گەلە ئەستێرەیەکیش بەپێی قەبارەکەی دەگۆڕێت، تەنیا ئەو گەلەئەستێرەی ئێمە کە کۆمەڵەی خۆری تێدایە و نیمچە گەورەیە بە بەراورد بەوانی تر، لە نێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرەی تێدایە.

هەروەک گوتم تەنیا لە گەردوونی بینراو پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە هەن، واتە تەنیا ئەو بەشەی گەردوون کە لە ئێمە دیارە و دەتوانین چاودێری بکەین، ئەمەش دەکاتە 20 ئەوەندە زیاتر لە لێکدانەوەکانی پێشووتر، بۆیە پێویستە بەهۆی فراوانی گەردوون زانیارییەکانی ناو هەموو کتێبەکانی ئەمڕۆی خوێندنیش بگۆڕین، یان لایەنی کەم مامۆستاکانی زانست هەروەها فیزیا، ئەم ڕوونکردنەوەیە پێشکەشی قوتابیەکانیان بکەن".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending