English | عربي

پەکەکە لە رۆژئاوا لە چەکدارکردنی مێردمنداڵان بەردەوامە


پەکەکە لە رۆژئاوا لە چەکدارکردنی مێردمنداڵان بەردەوامە

2019/07/12 | 09:20

(هەواڵ كوردستان)- نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵێننامە بە هێزەکانی هەسەدە پڕ دەکاتەوە

پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، لە چەکدارکردنی منداڵان و مێردمنداڵانی خوار 18 ساڵ لە رێگەی رێکخراو و گرووپ و هێزەکانی گرێدراوی خۆیەوە بەردەوامە، ژمارەیەکی زۆر مێردمنداڵی بە ناوی یەپەگە و هەسەدەوە بردووەتە قەندیل.

لەم بارەوە نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵێننامە بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی گرێدراوی پەکەکە لە رۆژئاوا پڕ دەکاتەوە، کە منداڵانی خوار 18 ساڵ چەکدار نەکات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە بەیاننامەیەکدا نەتەوەیەکگرتووەکان رای گەیاند، کە له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات پلانێکیان واژۆ کردووە، کە بەپێی ئەوە ڕێگری دەکرێت منداڵان بکرێنە چەکدار.

بەپێی ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرچووە، هه‌سه‌ده‌ بەڵێنی ئەوەی داوە کە منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکان بەکار نەهێنێ و ئەوانەی ئێستاش لەناو ریزەکانیاندان، بهێنرێنە دەرەوە و رێوشوێنی پێویستیش لەوبارەیەوە بگرنە بەر.بەپێی راپۆرتەکانی پێشووی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٦دا ٤٦ منداڵ لە ڕیزەکانی هه‌سه‌ده‌ چەکدار بوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧ ئەو رێژەیە بۆ ٢٢٤ منداڵی چەکدار بەرز بووەتەوە، کە بەپێی زانیارییەکانی (باس) ژمارەیەکی زۆری منداڵ لە ڕێگەی هێزەکانی یەپەگە و هەسەدەی گرێدراوی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو قەندیل بردراون، کە ئێستا کەسوکارەکانیان هیچ هەواڵێکیان لەبارەیانەوە نییە.

هاوکات، لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە لە ساڵانی رابردوو لەژێر ناوی (ڕاپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە) بڵاو کراونەتەوە.

باس لەوە کراوە، کە پارتی کرێکارانی کوردستان (ناسراو بە پەکەکە) منداڵانی کورد دەڕفێنن و لە شەڕدا بەکاریان دەهێنن.

لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا باس لەوەش کراوە، پەکەکە دوای ڕفاندنی منداڵەکان، بەزۆر ناچار بە بەشداریکردنیان دەکات لە ڕیزەکانی و دواتر دەیانکەن بە چەکدار، کە تەمەنی هەندێکیان لە خوار ١٥ ساڵەوەیە.

لە ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا، باس لەوەش کراوە، تەمەنی هەندێک لەو منداڵانە زۆر بچووک بووە و هەندێکیشیان لە ڕووی عەقڵییەوە ناتەواو و ناتەندروست بوون، ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەکرێگرتن و بەکارهێنانی منداڵان، وەکوو تاوانی جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

لەمبارەیەوە عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بۆ (باس) رای گەیاند، پڕکردنەوەی ئەو بەڵێننامەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەسەدە، خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، کە ئەو هێزە منداڵان چەکدار دەکات، گوتیشی: “هیوادارین هەسەدە پابەند بێت بەو واژۆیەی، کە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، بەڵام ئەوە چاوەڕواننەکراوە، چونکە ئەوەندەی ئاگەدار بین پەکەکە فشاری زۆری لەسەر هێزەکانی گرێدراوی هەیە، کە منداڵانی بۆ ڕەوانەی قەندیل بکەن، چونکە دەتوانرێت بەتەواوی مێشکی منداڵان بشورێتەوە و ئەو کارانەی لە شەڕ پێیان دەسپێردرێت جێبەجێی بکەن، هەر بۆیەش بە سەدان منداڵی رۆژئاوا لە ریزەکانی هەسەدە و پەکەکە بوون بە قوربانی و لە شەڕدا کوژراون”.

ئەو سەرکردەیەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد، ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەی منداڵ و مێردمنداڵان لە ریزەکانی هەسەدە یەکجار زۆرە و ئەگەر پابەندی واژۆکەیەتی، کە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، با جارێ ئەو ژمارەیە لە ریزەکانی دوور بخاتەوە و بێبەشیان نەکات لە تەمەنی منداڵ و قەڵەم و خوێندن، گوتی: “ئەو کارەی پەکەکە و هێزە گرێدراوەکانی دەیکەن، لە دژی یاسای نێودەوڵەتییە و بازرگانیکردنە بە منداڵانەوە، کە هێشتا کامڵ نەبوون و بڕیار بە دەستی خۆیان نین، بەداخەوە کە زۆر منداڵی رۆژئاوا براونەتە قەندیل و لای کەسوکارەکانیان بێ سەروشوێنن”.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending