English | عربي

پۆلیسی فیدڕاڵيی عێراق دوو گوندى كوردانی كاكه‌یی سووتاند


پۆلیسی فیدڕاڵيی عێراق دوو گوندى كوردانی كاكه‌یی سووتاند

2019/07/12 | 10:25

(هەواڵ كوردستان)- كاكه‌یيه‌كانی سنوورى داقووق به‌ ده‌ست داعش و میلیشیاكانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن

پۆلیسی فیدڕاڵيی عێراق، ئاگریان له‌ دوو گوندی كوردانی كاكه‌یی سنوورى شارۆچكه‌ى داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك به‌ردا و گونده‌كانیان به‌ته‌واوه‌تى سووتاند.

به‌رپرسێكى حزبيش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كوردانى كاكه‌یی له‌ سنوورى داقووق له‌به‌ر كوردبوونیان باجی گه‌وره‌یان داوه‌ و ده‌شڵێت: "به‌هۆی داعشه‌وه‌ زۆرینه‌ى گونده‌ كاكه‌ییه‌كانی سه‌ر به‌ داقووق چۆڵ كراون".

له‌م باره‌یه‌وه‌، نه‌وزاد محه‌مه‌د كاكه‌یی، چالاكوان و كه‌سایه‌تيی دیارى كوردانی كاكه‌یی قه‌زاى داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "پۆلیسی فیدڕاڵيی عێراق، رۆژی شه‌ممه‌ى رابردوو 6/7/2019، ئاگریان له‌ پووش و پاوانی سنوورى گوندى (شالیار)ی كاكه‌ییەکانی سنوورى شارۆچكه‌ى داقووق به‌ردا، به‌ڵام پاشان ئاگره‌كه‌یان له‌ده‌ست ده‌رچووه‌ و ئاگره‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ى كرد و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی سووتاندنى ره‌ز و باخ و پووش و پاوانێكى زۆری گوندی شالیار“.

ڕاشی گه‌یاند: "هه‌روه‌ها پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق ئاگریان له‌ پووش و پاوانی گوندى (مه‌تیق)ی كاكه‌ییەکانی سه‌ر به‌ داقووق به‌رداوه‌، كه‌ شوێنی له‌دایكبوونى خۆمه‌“.

به‌پێی زانیارییه‌كانى (باس)، كه‌ له‌ سنوورى داقووقه‌وه‌ وه‌ری گرتوون‌، ئاگره‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی سووتانى ته‌واوى هه‌ردوو گوندى شالیار و مه‌تیقی كاكه‌ییان و جگه‌ له‌ ره‌ز و باخ، خانووه‌كانی نێو ئه‌و دوو گونده‌ش سووتاون.

پێوه‌ند به‌م باسه‌، هیوا ره‌شید، به‌رپرسی ناوچه‌ى داقووقی پارتی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند: "گوندى شالیارى كاكه‌یی، كه‌ به‌ دووریى پێنج كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوورى رۆژئاواى قه‌زاى داقووق، فشارێكى زۆرى عه‌ره‌به‌ هاورده‌كانیان له‌سه‌ر بوو بۆ داگیركردنى گونده‌كه‌یان، ئیتر گونده‌كه‌یان چۆڵ كرد، له‌كاتێكدا موڵك و ماڵێكى زۆرى لێییه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین حه‌وزى ماسی و ره‌ز و باخی تێدایه‌ و گوندێكى خۆش و دڵگیره‌، پاشان به‌شێك له‌ ئاواره‌كانى ئه‌و گونده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سنووره‌كه‌، كه‌چی هێزێكى پۆلیسی فیدڕاڵی ئاگریان له‌ پووش و پاوانى ره‌ز و باخ و داره‌كانى گونده‌كه‌ به‌ردا، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی سووتانى ماڵه‌كان و گونده‌كه‌ سووتا و زیانێكى زۆرى ماڵیی لێ كه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر یارمه‌تییه‌كى زۆرى به‌شێك له‌ هاووڵاتییانى ئه‌و گونده‌ى داوه‌ بۆ دروستكردنى خانوو".

ڕاشی گه‌یاند، كوردانى كاكه‌یی به‌هۆی كوردبوون و ئایینه‌كه‌یانه‌وه‌، هه‌میشه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر په‌لامارى تیرۆریستییه‌كان، به‌تایبه‌ت تیرۆریستانى داعش له‌ سنوورى قه‌زاى داقووق، ئێستاش گونده‌ كاكه‌ییه‌كانى داقووق، كه‌ بریتین له‌ گونده‌كانى ئه‌لبو محه‌مه‌د و كۆبانی، له‌ سه‌روبه‌ندى هاتنی داعش به‌ته‌واوه‌تى ئه‌و تیرۆرسستانه‌ ئه‌و گوندانه‌یان رووخاند و پاشان، كه‌ پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌ سنووره‌كه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ و ئینجا له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ سنوورى ئه‌و گوندانه‌ و چه‌ندین ماڵیان به‌ كوردانى كاكه‌یی له‌ سنوورى ئه‌و دوو گونده‌ چۆڵ كرد، هه‌روه‌ها گوندى زه‌نقره‌ى كاكه‌یی، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ داعشدا، چه‌ندین جار تیرۆریستان هێرشیان بۆ ناو ئه‌و گونده‌ کردووه‌ و خه‌ڵكیان رفاندووه‌ و شه‌هید كردووه‌، ئێستا له‌ گونده‌كه‌دا ته‌نیا چه‌ند ماڵێكى كه‌م ماون و ئه‌وانیش ئاماده‌ نیین بۆ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان جێی بهێڵن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتی روونى كرده‌وه‌، ئێستاش زۆربه‌ى كاكه‌ییه‌كانى گونده‌كانى تر زیاتر له‌ سنوورى گوندى تۆپزاوا نیشته‌جێ بوونه‌، ئه‌وانیش دۆخیان ناله‌باره‌ و له‌وێش حكوومه‌تى لێ نییه‌ و داعشیش له‌ سنوورى ئه‌و گونده‌ به‌ ئاره‌زووى خۆی ته‌راتێن ده‌كات، داعش چه‌ندین جاریش چوونه‌ته‌ سه‌ر هاووڵاتییانى ئه‌و گونده‌ و داواى پاره‌ و سه‌رانه‌ و زه‌كاتیان كردووه‌، ئه‌وان له‌ژێر هه‌ڕەشه‌ى داعش له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ پۆلیسی فیدراڵیدا، رۆژانه‌ به‌ بیانووى پشكنین هه‌ڵده‌كوترێته‌ سه‌ر ماڵانى گونده‌ كاكه‌ییه‌كان و ئازاری خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌ده‌ن و ده‌یان گه‌نجی كوردى كاكه‌یی به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ تۆمه‌تێكیان كردبێت ده‌ستگیر كراون، دواتر له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كانى ناوچه‌كه‌ توانراوه‌ به‌شێكیان ئازاد بكرێن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، كوردانى كاكه‌یی خاوه‌نى 14 گوندن له‌ سنوورى داقووق، به‌ڵام ئێستا له‌ كۆی ئه‌و گوندانه‌دا ته‌نیا پێنج گوند ئاوه‌دانن‌ و خه‌ڵكیان تێدایه‌ و دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ته‌نیا سێ گوند خه‌ڵكى تێدا مایه‌وه‌ و ئێستاش خه‌ڵك ته‌نیا بۆ دوو گوند گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

به‌شێكى زۆری كوردانى كاكه‌یی له‌ كوردستانی باشوور، نیشته‌جێی ناوه‌ندی قه‌زاى داقووقی سه‌ر به‌ كه‌ركووكن و ژماره‌یه‌ك گوندى تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆی كوردبوونیان و ئایینه‌كه‌یانه‌وە،‌ هه‌میشه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر په‌لامارى گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان، به‌پێی زانیارییه‌كان به‌شێكی به‌رچاو له‌ كوردانى كاكه‌یی، هاوشێوه‌ى مه‌سحییه‌كانى كه‌ركووك به‌ره‌و هه‌نده‌ران كۆچیان كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017دا.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی سنوورى پارێزگاى كه‌ركووكیان به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكار داگیر كرد و له‌و كاته‌وه‌ دۆخى ئه‌منیى ناوچه‌كه‌ تێك چووه‌ و ژیانی كوردانى كاكه‌یی له‌سه‌ر زێدى خۆیان له‌ سنوورى قه‌زاى داقووق له‌ نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كانى تر خراپتر بووه‌.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending