English | عربي

ئۆرهان پامووك: توركیا بە رەزالەتیەكی بێوێنەدا تێدەپەڕێت


ئۆرهان پامووك: توركیا بە رەزالەتیەكی بێوێنەدا تێدەپەڕێت

2019/07/12 | 19:15

(هەواڵ كوردستان)- ئەگەر دەسەڵات گوێی لە رەخنەكانم بگرتایە ئیستەنبۆڵی نەدەدۆڕاند

ئۆرهان پامووك نووسەری گەورەی توركیا و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاوە رایدەگەیەنێ كە پێیخۆشە ئۆپۆزسیۆن ئیستەنبۆڵی بردووەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەكەپەی دەسەڵاتدار گوێی لە رەخنەكانی بگرتبا، ئێستە ئیستەنبۆڵی نەدەدۆڕاند.

دەشڵێ توركیا بە رەزالەترین و پیسترین و خراپترین قۆناخی خۆیدا تێپەڕ دەبێت.

ماوەی دوو ساڵە پامووك قسەی بۆ هیچ میدیایەكی توركی نەكردووە، بەڵام ئەمڕۆ هەینی بێ دەنگی شكاند و بۆچوونەكانی خۆی بۆ ماڵپەڕی (T24)ی توركی دەربڕی.

نووسەرە ناودارەكەی توركیا لەبارەی سەركەوتنی ئەكرەم ئیمامئۆغلو بە سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ دەڵێ "دەنگم بە ئیمامئۆغلو دا، وەكو هەموو كەسێكی تر پێمخۆش بوو ئەو بردیەوە، بە دڵنیاییەوە بە چاوی ئەورووپا پێویستی دەكرد هەر لە یەكەم هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبۆڵ ئیمامئۆغلو بەڵگەنامەی سەرۆكی شارەوانی وەربگرتایە، چونكە بۆ دیموكراتی توركیا گرنگتر دەبوو".

هەروەها ئاماژەی بەوە داوە "لە نێوان هەڵبژاردنی ٣١_٣_٢٠١٩ بۆ ٢٣ی حوزەیران كە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستەنبۆڵ دووبارە كرایەوە، دەتوانم بڵێم تابلۆی سیاسیی توركیا بە پیسترین و خراپترین و رەشبینانەترین قۆناخدا تێپەڕی.

راستە لە كودەتایەكانی توركیا قۆناخی لەوە خراپتر هەبووە، بەڵام ئەوەی ئێستە رەزالەتێكی بێ وێنەیە.

بردنەوەی ئۆپۆزسیۆنیش لەم هەڵبژاردنەدا ئومێدی بەخشیە ملیۆنان هاووڵاتی توركیا، كە ئەوەی ئەوانی خستووەتە ناو ئەو رەزالەتەوە، وانەیەكی باشیان پێدان".

پامووك ئاماژە بەوەش دەدات كە پارتی دەسەڵات ئەركی زۆر قوس بووە، ئەمەش دوای ئەو شكستەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دووچاری بووەوە، بەڵام پێیوایە ئەگەر پارتی دەسەڵات گوێی بۆ پێشنیار و رەخنەكانی بگریتایە، ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەیدۆڕاند.

پامووك لەو دیمانە تایبەتەدا، هۆكاری دۆڕانی ئەكەپە و ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا دەخاتە روو و دەڵێ "سێ ساڵ بەر لە ئێستە بیرم دەكردەوە كە بۆچی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەردەوام بەرامبەر بە ئەردۆغان دەدۆڕێت؟ پاشان بۆم دەركەوت سەركردەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بە چاوی دوژمن سەیری یەكتریان دەكرد، واتە ئەوەندەی رقیان لە یەك بوو و رەخنەیان لە یەكتری دەگرت، ئەوەندە رەخنەیان لە ئەردۆغان نەدەگرت.

بەڵام دوو هەڵبژاردنە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان یەكگرتوو بوونە و بە یەكەوە ركابەری پارتی دەسەڵات دەكەن، ئەمەش مایەی دڵخۆشیە.

دەبێت ئەوەش بڵێم كە ئەو یەكگرتنەی ئۆپۆزسیۆن نەبووەتە سیستەماتیك و پێویستە لەو رووەوە بیری باشی لێ بكەنەوە".

بە لای پامووكەوە كێشەی سەرەكیی توركیا قەیرانی دارایی نیە، بەڵكو نەبوونی ئازادیی رادەربڕینە.

ئەو پێیوایە ئەگەر ئازادی رادەڕبڕین نەبێت، ئەوكات ناتوانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی دروست بكەیت، بۆیە یەكەم كێشەی توركیا قەیرانی دارایی نیە، بەڵكو نەبوونی ئازادی رادەربرینە.

گوتیشی "بەداخەوە زۆرێك لە هاووڵاتیانی توركیا كێشەی سەرەكیی وڵات بۆ قەیرانی دارایی دەگێرنەوە، بۆ نمونە كاتێك هەڵبژاردن لە توركیا كۆتایی پێهات، دەزگا راپرسییەكان ئاشكرایان كرد كە هاووڵاتیان بۆیە دەنگیان نەداوەتە پارتی دەسەڵات، چونكە قەیرانی دارایی بوونی هەیە، لە كاتێكدا پێویستە هاووڵاتیان بیر لەوە بكەنەوە كە كێشەی سەرەكیی توركیا نەبوونی ئازادی رادەڕبڕینە".

پامووك پێیوایە، كاتێك مێژووی توركیای خوێندووەتەوە، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هەر كاتێك توركیا لەگەڵ ئەورووپا دۆست و پەیوەندی باشی هەبووبێت، لە رووی دیموكراتی و مافی مرۆڤەوە پێشكەوتووە، بەڵام هەر كاتێك ناكۆكی لەگەڵ ئەورووپادا هەبووبێت، لە رووی دیموكراتییەوە پاشەكشەی كردووە، وەكو ئێستە.

نمونەش بە ئەتاتورك دەهێنێتەوە كاتێك لەگەڵ ئەورووپا شەڕی كردووە، توركیا لە رووی دیموكراتییەوە لاواز بووە، بەڵام دوای شەڕی رزگاری، ئەتاتورك توانی خۆی لە ئەورووپا نزیك بكاتەوە و دیموكراتیش لە توركیا پێشوەچوونی بە خۆیەوە بینی.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending