هەواڵی کوردستان ئێستا

پشوو له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ڕاگه‌یه‌ندرا

پشوو له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ڕاگه‌یه‌ندرا
پشوو له‌سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی سلێمانی ڕاگه‌یه‌ندرا

2020-06-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی هەفتەیەک پشووی له‌ سەرجەم فەرمانگەکانی سلێمانی ڕاگه‌یاند

بۆ ڕێگری كردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو رێكاره‌ خۆپارێزیه‌كان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە. لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەدا بە داخراوی بمێنیتەوە.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی تەندروستی پارێزگاکە و پێشنیازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی بوو بەهۆی ئەوەی نزیکەی مانگێکە تووشبوون بە کۆرۆنا لە سلێمانی بەشێوەیەکی خێرا لە به‌رزبوونه‌ودایه‌.

لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ئه‌مڕۆ بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی و رێکارە پێویستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کران.

بەپێی راگەیه‌ندراوه‌كه‌ کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو دەسەڵاتەی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ بەخشیویانەتە پارێزگاری سلێمانی و لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو پارێزگایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارانەدران


1-دواکەوتنی مووچە کاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنی لەسەر رەوشی تەندروستیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی دروستکردووە، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەخێرایی مووچەی مووچەخۆران بەتایبەتی مووچەی کەرتی تەندروستیی و هێزەکانی ناوخۆ دابەش بکات.

2-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەدا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (1-7-2020) بە داخراویی دەمێنێتەوەو رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون.

3- راگرتنی دەوامی فەرمیی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆ و کەرتی تەندروستی و، خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سرووشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، لە رۆژی یەکشەممە (21-6-2020)وە بۆ رۆژی (27-6-2020)، رۆژی یەکشەممە (28-6-2020) دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە.

4- لە رۆژی (21-6-2020)وە هەموو مزگەوت و پەرستگا و شوێنە ئاینییەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا دادەخرێن.

5- لە رۆژی (21-6-2020)وە تا رۆژی (1-7-2020) هەموو نۆرینگە ئەهلییەکانی پزیشکی ددان دادەخرێن و لەکاتی زۆر پێویستدا هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرە راوێژکارییەکانی پیرەمێرد و شۆڕش تایبەت بە ددان بکەن. هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگەو نەخۆشخانەیەکی ئەهلی پابەندی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

6- لە رۆژی (21-6-2020)وە تا رۆژی (1-7-2020) لە سنووری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، چێشتخانەکان تەنها بە دلیڤەری دەتوانن کاربکەن و چایخانە و قاوەخانە و ساردەمەنییەکانیش بەبێ شوێنی دانیشتن دەتوانن بەردەوام بن.

7- لە ڕۆژی (21-6-2020)وە نێرگەلەخانەو هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، جیمەکان، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنەو کۆڕ و کۆبوونەوەکان، دادەخرێن.

8- پرسە و پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشیی و ناخۆشیی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.

9- گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس) لە ڕۆژی (21-6-2020) بۆ (28-6-2020) لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا، ڕادەگیرێت، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

10- هەر شۆفێرێکی (تەکسی) پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

11- لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

12- هەر کۆمپانیاو دامەزراوەو مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

13- هەر بازرگانیکردنێک بە خوێن و پلازمای خوێنەوە بە تاوان ئەژمار دەکرێت و قەدەغەیە، لەهەمان کاتدا داوا لەو بەڕێزانە دەکەین کە لەم پەتایە چاکبوونەتەوەو توانای بەخشینی خوێنیان هەیە، وەک ئەرکێکی مرۆییانەی ویژدانیانەی ئەخلاقیانەی نیشتمانیانە، خوێن ببەخشنە ناوەندەکانی خوێن وەرگرتن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و ڕۆڵی مەردانەی خۆیان لە ژیاندنەوەی هاونیشتمانیەکانیاندا ببینن.

14- پێویستە هاووڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.

15- پێویستە لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان لێپرسینەوەو ڕێکارەکان وردتر و زیاتر و خێراتر بکەن و هەر فەرمانگەو لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

16- دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.