English | عربي

سه‌رتاشێكی هه‌ڵه‌بجه‌ وێنه‌ی كه‌سایه‌تی و یاریزانه‌كان‌ له‌سه‌ر قژ ده‌نه‌‌خشێنێت


سه‌رتاشێكی هه‌ڵه‌بجه‌ وێنه‌ی كه‌سایه‌تی و یاریزانه‌كان‌ له‌سه‌ر قژ ده‌نه‌‌خشێنێت

2019/07/14 | 15:45

(هەواڵ كوردستان)-  

سه‌رتاشێكی هه‌ڵه‌بجه‌، جیاواز له‌ سه‌رتاشه‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌، وێنه‌ی كه‌سایه‌تی، هونه‌رمه‌ند و وه‌رزشوانه‌ دیاره‌كانی جیهان له‌سه‌ر قژ ده‌نه‌خشێنێت.

مه‌روان هادی، ئه‌و سه‌رتاشه‌ی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵی: "له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌لای باوكم فێری سه‌رتاشی بووم و هه‌تا ئێستا كارم كردووه‌، هه‌ر له‌ منداڵیشه‌وه‌ حه‌زم به‌ كاری هونه‌ری هه‌بوو، چونكه‌ باوكم وێنه‌كێش بوو، بۆیه‌ به‌پێی حه‌ز و ئاواتی خۆم ڕۆیشتمه‌ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ و په‌یكه‌رسازیم له‌و په‌یمانگه‌یه‌ ته‌واو كرد".

وه‌ك مه‌روان باسی ده‌كات، له‌و كاته‌وه‌ی تێكه‌ڵ به‌ پیشه‌ی سه‌ر‌تاشی بووه‌، هه‌وڵی داوه‌ به‌رده‌وام تواناكانی له‌ ستایلی تاشین و داهێنانی قژدا، باشتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات و داهێنانی تێدا بكات، بۆیه‌ بیری كردو‌وه‌ته‌وه‌، كه‌ تابلۆ له‌ قژدا بنه‌خشێنێت.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێ: "له‌سه‌ره‌تادا دەرفەتم نه‌بوو، ئه‌و توانایه‌ی كه‌ هه‌مبوو له‌ كاری هونه‌ریدا له‌ قژدا بینه‌خشێنم، ته‌نیا خه‌ت و نه‌خشی تازه‌م ده‌كرد، به‌ڵام له‌ مانگی 6ی ئه‌مساڵه‌وه‌، ده‌ستم كرد به‌ كێشانی وێنه‌ له‌سه‌ر قژی منداڵ و گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خۆیان حه‌زی پێ ده‌كەن".

مه‌روان به‌ده‌م كاركردنه‌وه‌ بۆ (باس) گوتی: "ئه‌و كه‌سه‌ی داوا ده‌كات تابلۆكه‌ی بۆ بكێشم، وێنه‌یه‌كم بۆ دێنێت و منیش ئه‌و وێنه‌یە دروست ده‌كه‌م، بۆ كێشانی هه‌ر تابلۆیه‌كیش به‌پێی وێنه‌كه‌ كاتی ده‌وێت، تابلۆ هه‌یه‌ بۆ كێشانی نیو سەعاتی پێویسته‌، تابلۆش هه‌یه‌ دوو سەعات یان كه‌متری ده‌وێت، نرخه‌كانیشان جیاوازن، هه‌یه‌ به‌ 20 هه‌زار دینار ده‌یكێشم و هه‌یشه‌‌ به‌ 200 دۆلار".

گوتیشی: "جگه‌ له‌و داهێنانه‌ی، كه‌ خۆم له‌ بواری سه‌رتاشیدا كردوومه‌، به‌رده‌وام خولیشم بۆ بواری سه‌رتاشی كردوونەتەوە‌، زۆر گه‌نج هه‌بوو له‌ خوله‌كانم به‌شدار بوون و ئێستا خاوه‌نی سه‌رتاشخانه‌ی خۆیان".

مه‌روان هادی حه‌مه‌ ڕه‌فعه‌ت، له‌ ساڵی 1991 له‌دایك بووه‌، ده‌رچووی به‌شی په‌یكه‌رسازیی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ ، ئێستا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌نته‌رێكی به‌ ناوی (نیولۆك) پێكهێناوه‌ و تێیدا ستافێك له‌ سه‌ره‌تاشه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ كار ده‌كه‌ن.

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending